دواین هەواڵ

خەڵاتی پێش خەڵاتەکە...

‌محەمەد فایەق

7 کاتژمێر پێش ئێستا

·       ڕۆژی ٢٠٢٦/٧/٨  سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەرزترین میداڵی ڕێزلێنانی ئیتاڵیا، "ئەستێرەی ئیتاڵیا" لە پلەی "سوارچاکی خاچی مەزن"ی وەرگرت. وێڕای ئەوەی ئەمە بەرزترین میداڵی ڕێزلێنانی ئیتاڵیایە، لە هەمان کاتیشدا یەکەمجارە کەسێک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان وەری بگرێت. لێرەدا من نامەوێت قسە لەسەر بایەخی ئەم خەڵاتە بکەم، بەڵکوو دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ڕۆژێک پێشتر کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خەڵاتێکی مەزنی دیکەی وەرگرت. لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، جەنابی پاتریارک بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەڕێز جەنابی سەرۆک خۆشحاڵم لەگەڵ بەڕێزتان کۆ دەبمەوە، چونکە دیدگای سیاسی، کۆمەڵایەتی و نیشتمانیتان کۆڕاییی هەموو لایەنە عێراقییەکانی لەسەرە، لە عێراقدا دوو کەس نادۆزیتەوە لەسەر سیاسەت و ڕوئیای ئێوە ناکۆک بن. ئەم قسەیەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی، لە ڕۆژێک پێش وەرگرتنی میداڵی ڕێزلێنانی ئیتاڵیادا، گەورەترین خەڵاتی مەعنەوییە کە پێشکەش بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا، چونکە لەناو ئەو قەدەرە تراژیدییەی عێراقدا کە بریتییە لە کۆڕانەبوون، کەسێک کۆڕایی لەسەر بدرێت ئیمتیازێکە هەموو سیاسییەک خەونی پێوە دەبینێت. لە عێراقێکدا کە بەشێک لە ڕیشەی کێشەکانی بۆ پتر ٥٠٠ ساڵ دەگەڕێنەوە و فەزیلەت لەسەر ناکۆکی بنیاتنراوە نەک کۆکی و سازان، کۆڕابوون و سازان لەسەر ڕوانگە و ڕێچارەکانی سیاسەتمەدارێک، میداڵێکی گرانبەهایە و تەنیا شیاوی ئەوەیە لە بەرۆکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدرێت.

·       بۆچی دوو خەڵات لە یەک کاتدا؟ هەر سیاسییەک لە جیهاندا هەوڵ دەدات لە ماوەی ئەزموونی سیاسیی خۆیدا، شوناس یاخود کێیەتییەکی سیاسی، ئاکاری، کۆمەڵایەتی و کولتووری بۆ خۆی بینا بکات و خەڵکی بەو خەسڵەت و کێیەتییە لە مێژوو و ئێستا و داهاتوویدا بیخوێننەوە و بیناسنەوە. کاتێک ئاوڕ لە ئەزموونی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدەینەوە، نەک هەر ئەم کێیەتییەی بینا کردووە، بەڵکوو زێدەگۆیی نابێت گەر بڵێین لە عێراقدا بووەتە پێوەر بۆ پێوانی کەسانی تر لەناو پانتایی چەمکەکانی: گفتوگۆ، هاوبەشی، لێکتێگەییشتن، پێکەوەهەڵکردن، پێکەوەژیان، ئازادیی دەربڕین، ئازادیی ئایینی و هتد. بە دەگمەن سیاسییەکی دەرەکی و ناوخۆیی دەدۆزیتەوە نەگەییشتبێتە ئەو باوەڕەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیاوی دیپلۆماسیەت و گۆڕینی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانە بۆ دەرفەت و دەستکەوت. ئەستەمە بۆ کەسێک شارەزای ئەدەبیاتی سیاسیی سەرۆکی هەرێم بێت و لەگەڵ بیستن یان خوێندنەوەی ئەم چەمکانەدا بەڕێزیانی بەیاددا نەیەتەوە. لە هاونیشتمانییەکی سادەی هەرێمی کوردستانەوە تا بەرزترین ئاست، لە باسکردنی سەرۆکی هەرێمدا ناتوانن خۆیان لە بەکارهێنانی چەمکەکانی سیاسەتی نەرم، کراوەییی دیدگای سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی، گۆڕینی سیاسەت بۆ کایەی هاوبەشی هەمووان و فرەوانکردنی پانتاییەکانی کایەکە بەدوور بگرن. ئەوەی وا دەکات لە یەک کاتدا بەڕێز سەرۆکی هەرێم خەڵاتێکی مەزنی مەعنەوی و بەرزترین میداڵی ڕێزلێنانی وڵاتێک وەربگرێت، کارکردنی بێوچانیەتی لەپێناو ئەم چەمکانە و سەلماندن و جێگیرکردنیانە لە پانتاییی واقیعی عێراق و هەرێمی کوردستاندا. کاتێک دوو دیمەنی لەم جۆرە دەبینین، ئەدەبیاتی سیاسیی سەرۆکی هەرێم ڕێنماییمان دەکات کە بڵێین: هێشتایش سەرەتای ڕێگەیە و ئاییندەی گەشتر و دەستکەوتی مەزنتریشمان لەپێشە؛ چونکە باڵاخانەی ئەم کێیەتییە هەم لە بناغەوە تۆکمەیە و هەم باڵایشی سەر لە هەور دەسووێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP