کۆتایی سەردەمی مەزڵوم عەبدی!
تەقینەوە بەدوای یەک دیمەشق دەهەژێنێت، هەرچی سەرۆکی وڵاتانە دەگەنە ئەنکەرە بۆ لوتکەی ناتۆ، کەچی ئیمانوێڵ ماکرۆن لە سوریایە و دەشڵێت سەردانەکەم بەردەوامە!
سەرنجڕاکێشی سەردانەکەی ماکرۆن، لەوە نییە کە سەرباری تەقینەوە بەردەوامە، بەڵکو لەوەیە کە ماکرۆن ئاماژە بەوەدەکات هەموو سورییەکانی بینیوە و لەڕاستیشدا مەزڵوم عەبدی نەدیوە، سیپان حەمۆی نەدیوە و ئیلهام ئەحمەدیش سەرقاڵی سیمپۆزیەمی ژنانی هەرچوارپارچەی کوردستانە لە سینەما سالمی سلێمانی!
ئەم دیمەنە خەمناکەی ئێمە، تەنها دەرەنجامی چییەتی و هەڵەکانی رۆژاڤا نییە، دەرەنجامی گۆڕانێکی گەورەیە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی زلهێز!
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، ساڵی ٢٠٢٣ لەبەردەم خوێندکارانی بەشی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکاندا لە زانکۆی جۆن هۆپکینز گوتی، ئیدی سەردەمی سیاسەتی دەرەوە لەبەرمەبنای نیولیبڕالیزم بەسەرچووە!
ئەو قسانەی بلینکن، لە دنیای ئێمە گوێیەک نەبوو بۆ بیستنی، بەڵام لە تینک تانکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا قسەی زۆری لەبارەوەکرا!
ئەوان دەیانزانی قسەیەک بەم سەنگە لەلایەن وەزیری دەرەوەی وڵاتێکی زلهێزەوە ناکرێت ئاسایی تێپەڕێت. چونکە، کۆتایی نیولیبڕالیزم لە سیاسەتی دەرەوە واتای کۆتایی سیاسەتی دەرەوەی سەردەمی شەڕی ساردە، واتای کۆتایی هاتنی سیاسەتەکانی وەک هەناردەکردنی دیموکراسی و هاندانی فرەییە!
لەجێگەی مەزڵوم عەبدی هەر کەسێکی دیکەبێت، ئیدی گرنگ نییە بۆ ماکرۆن. ئەو ماکرۆنەی سەردەمانێک مەزڵوم عەبدی بە جەنگاوەری ئازادی ناودەبرد، ئیدی ئازادی لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی بۆ گرنگ نییە.
ئەمڕۆ، باسەکانی وەک دیموکراسی، ئازادی و مافی کەمینەکان و پرسە ئیتنیکییەکان تەنها پرسێکی ناوخۆیی پەیوەست بە دەوڵەتەکانن. ئەمە بۆ هەموو کورد ڕاستە. ئیدی بەهێزی کورد، پەیوەستە بە ڕاددەی بەهێزی لە دەوڵەتەکان، ئەمە بۆ هەموو کورد ڕاستە!
ئەگەر لەساڵانی شەڕی سارد فەکتەرەکانی “نا سەقامگیری” کە دیارترینیان گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکانن، جێگەی گرنگیپێدان بووبن، ئیدی ئەو فاکتەرانە بوونەتە مەترسی بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی خاوەن هەژموون. لێرەدا دوو بژاردە دێتە گۆڕێ بۆ ئەو گرووپانە: هەڵوەشانەوە و چەکدانان یاخود توانەوە لەناو دەوڵەت. بەخۆڕایی نییە حەماس ئامادەیە چەکدانێت، پەکەکە چەک دادەنێت باس لە چەکدانانی حزبوڵاش دەکرێت. گرووپەکەی مەزڵوم عەبدی راستە وەک جاران نەماوە و جۆرێک هەڵوەشانەوەی پێوەدیارە، بەڵام هێشتا بەتەواوی بەشێکی دەوڵەت نییە و گەر بشبێتە بەشێکی دەوڵەتیش هێندە کاریگەر نییە.
ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم جیهانێکی نوێدا وەستاوین کە تێیدا “ماف” جێگەی خۆی بۆ “هێز” و “ڕۆمانسییەتی سیاسی” جێگەی خۆی بۆ “بەرژەوەندیی ساردی دەوڵەت” چۆڵ کردووە. ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕایگەیاند، تەنها گۆڕانکارییەک نەبوو لە فەرهەنگی دیپلۆماسیدا، بەڵکو کێشانی هێڵێکی سووری ئەستوور بوو بەسەر خەونە نێودەوڵەتییەکانی ئەو گەلانەی کە هێشتا لە دەرەوەی قەڵای دەوڵەتەکاندا دەژین.
لەم سەردەمە نوێیەدا، مێژوو چیتر بەزەیی بە “جەنگاوەرانی ئازادی”دا نایەتەوە ئەگەر نەبنە بەشێک لە مەکینەی فەرمیی دەوڵەت؛ لێرەدا، بێدەنگییەکەی ماکرۆن لە دیمەشق و پشتگوێخستنی ئەو کارەکتەرانەی دوێنێ وەک پاڵەوان دەبینران، تەنها تاکتیکێکی سیاسی نییە، بەڵکو کورتکراوەی ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە دەڵێت: لە جیهانی “پۆست-نیولیبڕالیزم”دا، تەنها ئەوانە دەمێننەوە کە دەتوانن لەناو چوارچێوەی نەخشە فەرمییەکاندا خۆیان پێناسە بکەنەوە.
کورد و هەموو گرووپە نادەوڵەتییەکانی دیکە، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی قورسدان: یان دەبێت لەناو جەستەی ئەو دەوڵەتانەدا بتوێنەوە کە لێیان یاخی بوون، یان لەناو تەمومژی ئەم “کۆدەنگییە نوێیەی واشنتۆن”دا بۆ هەمیشە لە پەراوێزی مێژوودا ون دەبن. پەردەکە لەسەر شانۆیی “هەناردەکردنی دیموکراسی” دابەزی و ئەوەی ماوەتەوە تەنها واقیعێکی ڕووت و ساردە کە تێیدا دەوڵەت، و تەنها دەوڵەت، دەبێتە قیبلەنومای ڕەهای مانەوە