دواین هەواڵ

شکست، یان شەست ملیۆن پێشمەرگە و گەریلا!

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

52 خولەک پێش ئێستا

ساڵانێکی زۆرە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەستی بەرزی مەسئوولیەتی نەتەوەییەوە قوربانییان بە ڕۆڵ و چالاکییە چەکدارییەکەی خۆیان داوە، تاکو بیانو بەداگیرکەران نەدەن هێرش بکەنە سەر باشوور و قەوارە نەتەوەییەکەی. ئەم قوربانیدانە ڕۆڵی هەبوە لەڕێگرییکردنی لەوەی داگیرکەران زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنن. ئەم قوربانیدانە دەبێت بە ڕێز و پێزانینیەوە باسی لێ بکرێت، بەڵام هاوکاتیش داگیرکەران لەکوێ بۆیان لوابێت چاوەڕێی بیانوویان نەکردوە تا زیان نەک هەر بە باشوور بەڵکو بە ئامانجە ستراتیژییەکانیشمان بگەیەنن. بۆیە ناوبەناو هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەرمان. ئەم هێرشانەش هەر بە بارەگا و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتەوە نەوەستاون، بەڵکو تا ئاستی لێدانی ماڵی هاونیشتمانانی سڤیل و کوشتنی منداڵی ساواش ڕۆیشتوون.

بەبێ چەندوچوون، هێشتاش وێڕای پێزانینم بۆ بڕیار و هەڵوێستی مەسئوولانەی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بەوەی بیانوو بە داگیرکەران نەدەن بۆ زیانگەیاندن بە باشوور و داوایان لێدەکەم لەم سیاسەتە ژیرانە بەردەوام بن، بەڵام دەمەوێ لێرەدا ئەو پرسیارە بخەمە ڕوو: ئایا داگیرکەر بەمە ڕازی بوو؟ ئایا ئەمە وایلێکرد سیاسەتەکانی بگۆڕێت؟ ئایا وایلێکرد ئاستی دڕندەیی بگۆڕێت؟

ئەوەیان تەنها لە ئاستی سەربازیی هەوڵەکانیان، بەڵام بەمەوەوە نەوەستاون، بەڵکو هەموو توانا سیاسی و نێودەڵەتیی و نۆکەرەکانیان خستۆتە کار بۆ سەپاندنی پیلانەکانیان و ڕێککەوتنی جۆراوجۆر بۆ دوورخستنەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵات و تێکۆشەرانیان لە باشوور. واتا دیوی دیکەی سەبری کورد و ڕەچاوکردنی دۆخی ناسکی باشوور و ئامانجە نەتەوەییە سترایتژییەکان، نەک هەر داگیرکەری وا لێنەکردوە بەخۆدا بچێتەوە، بەڵکو دڕتری کردوە. واتا ڕاگرتنی چالاکیی چەکدار لە مەیدان و قووڵایی ڕۆژهەڵاتدا، نەک هەر وای لێ نەکرد سیاسەتە دوژمنکارانەکانی خاوتر بکاتەوە، بەڵکو شوێنیشمان کەوتوە بۆ باشوور و دەیەوێت لەوێش دوورمان بخاتەوە. کەواتە ئێستا چارەسەری ئەم گرفتە چیە؟

چارەسەر بەهیچ جۆرێک نەرمیی نواندنی زیاتر نیە، بەڵام بۆ ئەوەی کەس لەئاوی لێڵدا یاری نەکات و ئەمە نەکاتە بیانوو بۆ لێدانی تێزەکەمان گوایە ئێمە بەمجۆرە گوتارە باشوور دەخەینە مەترسییەوە، جارێکی دیکە جەخت لە بەردەوامبوونی سیاسەتی ژیرانەی پاراستنی باشوور دەکەمەوە. ئاخر ئازیزان، ئەوانەی مومکینە ئاوەکە لێڵ بکەن بۆ لێدانی تێزەکەمان، خۆیان کار و کاسبییان بۆتە جێبەجێکردن پیلانی داگیرکەران بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان، بەڵام کە کار دەگاتە خەباتی ڕۆژهەڵاتییان دەکەونە بیانوو هێنانەوە و خۆیانمان لێدەکەن کە باشووریی عەیار ٢٤.

ئەگەر بەوردیی دیقەت لە نهێنی پشت ئەم دووفاقییە نەدەین ئەوا دەتوانن فریوومان بدەن. ئەسڵی نهێنییەکە تەنها یەک شتە، ئەوان پیلانی داگیرکەران جێبەجێ دەکەن بۆ لێدانی هەستی نەتەوەیی و بانگەشە بۆ نەهێشتنی قەوارەکەمان لەباشوور. بۆیە ئەو کاتەی باس دەگاتە سەر خۆکۆکردنەوە بۆ ڕووبەڕووی داگیرکەر، پاراستنی هەرێم دەکەنە بیانوو بۆ ئەوەی زیان بە باوانەکەیان نەگات کە داگیرکەرە. بەڵام ئێمە ناچار نین بۆ ئەوەی زیان بە باشوور نەگەیەنین هەروا دانیشین و هیچ نەکەین، تا ئەو کاتەی ئەوان دێن و دەرکردنمان لە باشووریش دەسەپێنن. دەتوانین بەبێ ئەوەی زیان بە باشوور بگەیەنین پلانی کارای ڕووبەڕووبوونەوەمان هەبێت. ئەم کارەش ئەوەیە کە قارەمانەکانمان لەو چەند هەفتەی ڕابردوو لە ناوچە و شاری جیاجیای ڕۆژهەڵات چالاکییە چەکدارییەکانیان دەست پێکردەوە.

ئەم کارە ئەگەر ورد و ژیرانە و بەیەکگرتوویی بکرێت، نەک هەر داگیرکەر سەغڵەت دەکات، بەڵکو ناچاری دەکات، بەو سیاسەتە دوژمنکارانەشدا بچێتەوە کە داوای دەرکردنمان لە باشووریش دەکات. ئەگەر ئەم شۆڕشە چەکدارییەی ئەمجارەمان بە وردیی و عەقلانییەت بەڕێوە ببەین، داگیرکەر لەئاستی تاکتیکیدا ناچار دەکەین واز لەو پیلانەی بێنێت و مەمنون بێت ئێمە چالاکیی و فشارەکانی مەیدان کەم بکەینەوە. بەمەش دۆخ هەڵوێستی ستراتیژیی لە بەرگریی نێگەتیڤەوە دەگۆڕین بۆ هێرشی ستراتیژیی کارا.

لەهەموو حاڵەتێکدا، ئێمە لەچرکەساتێکداین کە دەبێتە توانای دەستپێشخەریی بگرینە دەست و کۆنترۆڵی بەڕێوەبردنی ململانێکە لەئاستی ستراتیژیدا بگرینە دەست. دەبێت داگیرکەر لەوە تێبگات کە دوورخستنەوەی بارەگا و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە باشوور نەک هەر خەبات و قودرەتمان لاواز ناکات، بەڵکو ناچارمان دەکات مەیدانی لێ بکەین بەئاگر. دەبێت داگیرکەر لەوە تێبگات بەدوورخستنەوەی بارەگاکانمان لەباشوور، ڕووبەڕووی (١٠٠٠٠٠٠٠) دە ملیۆن پێشمەرگە و گەریلا دەبێتەوە، بۆیە لە ئاستی تاکتیکیدا، وا باشترە بۆی: یەکەم دەستبەرداری ئەو پیلانەی ببێت. دووەمیش بیر لە چارەسەری دیکە و بژاردەی دانوستاندن بکاتەوە.
داگیرکەر بەوە ڕازی نەبوو ئێمە چالاکییە چەکدارەکانمان لەمەیداندا ڕاگرتوە. تەنانەت بە سڤیلترین شێوازی خەباتیش ڕازی نەبوە، لێرەشدا دەیان بەڵگەمان هەیە، ڕەنگە تەنها ئاماژەدان بە (زارا موحەمەدی)ی قارەمان بەس بێت. لەو کەیسەدا داگیرکەر تەنانەت بەوەش ڕازیی نییە کچە کوردێکی ئازا چەند منداڵێکی کورد فێری زمانەکەیان خۆیان بکات. زۆر کورت و کرمانج: داگیرکەر بەهیچ ڕازی نیە و ناشبێت. بەڵام پرسیارە جەهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئێمە لەسەر بنەمای ڕازیکردنی داگیرکەران شێوازی خەبات دیاریی دەکەین، یان بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمانەکەمان و لەسەر بنەمای عەقلانییەت و دووربینیی و پلانی ورد؟

زارا موحەمەدیی و تێکۆشەرانمان لە مەیداندا پرس بە داگیرکەران ناکەن چی بکەن. حیسابی ئەوە ناکەن داگیرکەر بەو کارە مەزن و قارەمانانەی ئەوان سەغڵەت دەبێت. ئیدی خەباتی چەکدار کە خۆی لە بنەڕەتدا بژاردەی شۆڕشی ڕەوای کورد نەبوە، بەڵکو سەپێنراوە بەسەرماندا، لە بژاردە دەردەچێت و جارێکی دیکە دەبێتەوە بە زەروورەتی قۆناغەکە و یەکێک لەهەرە سەرەکیترین شێوازەکانی خەبات کە ئێستا کاتیەتی دەستی بۆ ببەینەوە.

ئەم دۆخە بایەخی ستراتیژیی حزووری چەکدارانەی چەند هەفتەی ڕابردوومان پیشان دەدات، بۆیە دەبێت بمانخاتە بەردەم چوونە ژێر باری ئەرکەکانمان کە ئەمانەی خوارەوە هەندێکیانن:

پتەوترکردنی هاوپەیمانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەبیناکردنی دامەزراوەکانی وەکو دەزگای میدیایی، پەیوەندییەکان و دیپلۆماسیی، دارایی، لەمانەش گرنگتر پەلەکردن لە ڕاگەیاندنی فەرماندەییەکی هاوبەشی سەربازیی.
هەموو پارچەکانی دیکە بەوجۆرەی بۆمان دەکرێت پاڵپشت و پشتیوان بین.
کوردانی تاراوگە ئەرکی هەمەجۆری گرنگ ویەکلاکەرەوەیان لەسەر دەبێت، کە دەکرێ لە کاتی خۆیدا وردتر باسیان بکەین.
میدیاکان و ڕۆشنبیران ئەرکی گەورەیان دەکەوێتە سەر، یەکەم لە ئاستی پشتگیری ئەم خەبات ڕەوایە. دووەمیش لە ڕیسواکردنی نۆکەرانی داگیرکەردا.
بایەخی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدار یەکجار ستراتیژیی و یەکلاکەرەوەیە، بەڵام ئەمە بەهەردوو دیودا ڕاستە، ئەگەرژیرانە پێکەوە بیکەین، دەبێتە مایەی گۆڕینی دۆخی ستراتیژیی و سەرەتای سەرکەوتن، بەڵام ئەگەر ژیرانە و پێکەوە نەیکەین ئەنجامەکانی کارەساتی هەمەلایەنە دەبن. بۆیە هەنگاوی یەکەم لەوێوە دەست پێدەکات حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەپەلە فەرماندەییەکی هاوبەشی هێزە چەکدارەکان دابمەزرێنن.

ئەو فەرماندەییە باڵئیە خۆی بەهاوکاری سەرۆکی حیزبەکان، دید و پلانی ستراتیژیی هەمەلایەنە دابڕێژێت و ژیرانەش قۆناغ بەقۆناغ بیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. کە ئەم هەنگاوە نرا ئیدی بەرچاومان ڕوونتر دەبێت هەر کەسمان ئەرکی خۆمان باشتر دەزانین و دەیگرینە ئەستۆ، ئەمەش بۆ خۆی تاکە بژاردەی بەردەم کوردە، ئەگینا لەم وەرچەرخانە مێژووییەشدا جارێکی دیکە دەکەوینەوە ژێر دەست وپێیی جیهان و جینۆساید چارەنووسمان دەبێت. لەبەرامبەردا هەر لەیەکەم هەنگاوی ڕاگەیاندنییەوە، دەبێتە بازێکی گەورەی یەکلاکردنەوەی باڵانسی هێزیی سیاسیی و دەروونیی ستراتیژیی، چونکە لەلایەکەوە داگیرکەر و نۆکەرە بەسیجییەکانیان دەتۆقێنێت، لەلایەکەی تریشەوە نەک هەر دڵی دە ملیۆن ڕۆژهەڵاتیی سەربەرز خۆش دەکات، بەڵکو لە ناو ڕۆح و دڵ و دەرووندا شەست ملیۆن کوردیش دەکاتە پێشمەرگە و گەریلا، کە هیوادارم یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو فەرماندەییە پێشنیارکراوەمان یەکخستنەوەی ئەم ناوەش بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP