دواین هەواڵ

پێشوەختە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هۆشداری پێدان

‌تەنیا کوردی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەو کاتەی قوتابی بووین، مامۆستای جوگرافیا تۆپێکی خڕی دەخستە سەر مێز، کە نەخشەی ھەموو جیھان بوو، جارناجارێک دەیگوت سنوورەکان دەستکردن مەبەستی لە سنووری کورد بوو لە جوگرافیایەکی ستەم دا، ئیدی مێژوو و جوگرافیاو سیاسەت تێیگەیاندین کە عێراق وڵاتێکی بەیەکەوە نووساوی دەستکردە لەناو جیهانێکی سروشتی دا، ئەم خاکە وەک تەختەبۆردێکی کارەبایی وایە کە چەندین کێبلی دژبەیکی لەناودا بەستراوە، وایەری رووت کە ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، ئەوا کارەسات ڕوودەدات،  بەیەکەوە لکانی نەتەوەو مەزھەب، کە ئەگەر بەبەھێزی دەست بە دەستوور نەگیرێت و ئەوەی دیاریکراوە وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت، ئەوا شۆرتی وا لە تەختەبۆردەکە روودەدات کە ناوەندی بڕیارە، سیستەمەکە بەتەواوی دەکوژێتەوە، لەم شێوازە حوکمڕانییەی لە عێراق ھەیە کە پێکەوەھەڵکردن کارێکی ئاسان نییە، بەبێ گەڕانەوەی متمانە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چەندین وانەی گرنگدا بۆ عێراق، هۆشداریی لاوازی حوکمڕانیی داوە بە عێراقییەکان کە پێویستە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا ڕاست بکرێتەوە؛ چونکە لەگەڵ هەر پێشهاتێکی ناوچەکەدا، ڕووداوی گەورە یەخەی عێراق دەگرێت، کێشەکە لەوەدایە کە زۆربەی سیاسییەکانی بەغدا تەنیا کاتێک هەست بە مەترسی دەکەن کە سەقفی سیاسیی حوکمڕانی دەست دەکات بە داڕمان، بەڵام لە هەولێرەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێکی پێشوەختەی سەلمێنراوی هەیە لە گوێگرتن لەو جوولەیەی کە درز دەخاتە نێو هەر سیستەمێکی حوکمڕانی بەر لەوەی کارەساتی لێ بکەوێتەوە. بۆیە پێشوەختە دەڵێت: ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقی فیدڕاڵ دا، هەر وەک چۆن ئەمڕۆ بە درەنگوەختەوە مالیکی و سەرکردە شیعەکان تێگەیشتن و رایانگەیاند کە پێویستە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا ڕاست بکرێتەوە.

لە عێراقدا کاتێک ڕووداوەکان خولقان و قەیران یەخەی پڕۆسەی سیاسیی گرت، ئەو کاتە درەنگوەختە باسی بکرێت، بەڵام کاتێک پێشوەختە هەست دەکرێت قەیرانێک بەڕێوەیە، ئەمە گرنگە کە چارەسەری بۆ دابنرێت،  لە عێراقدا عادەتێکی سیاسی هەیە: لایەنەکان کاتێک دەچنە سەر مێزی گفتوگۆ کە تفەنگەکان لەسەر مێزەکە بن، بەڵام لای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێچەوانەیە؛ ئەو لەسەر فەلسەفەیەک کار دەکات کە "تێچووی ڕێککەوتن و چارەسەری کێشەکان لە کاتی ئاشتیدا، زۆر هەرزانترە لە تێچووی ڕێککەوتن لە کاتی قەیراندا." ئەمەش ئەو حیکمەتە دیپلۆماسییەیە کە وایکردووە هەولێر ببێتە ناوەندی هاوسەنگی.

ڕوانگەی نێچیرڤان بارزانی ڕوونە: سەقامگیریی درێژخایەن لە ڕێگەی بەرژەوەندیی هاوبەشەوە دێتە دی و حوکمڕانییەک کە لەسەر بنەمای پەراوێزخستن بێت، تەمەنی کورت دەبێت. ئەو مۆدێلەی بیری هەمووانی دەهێنایەوە، مۆدێلێک بوو کە تێیدا هەمووان لە عێراقی فیدڕاڵ دا هەست بە "بردنەوە" بکەن لە سایەی دەستووردا.

ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا ڕوودەدات، "دانپێدانانێکی درەنگوەختە" بەو ڕاستییەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ساڵانێک لەمەوبەر ھۆشداری دەدا، لەسەر دەستوور، شێوازی حوکمڕانی، چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێستا عێراق پێویستی بەوە نییە لەسەر کەلاوەی قەیرانەکاندا خانوویەکی نوێ دروست بکات، بەڵکو پێویستی بەوەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەو نەخشە ئەندازیارییەی کە نێچیرڤان بارزانی هەمیشە وەک چارەسەر پێشکەشی دەکرد: ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنی دادپەروەرانە. ئێستا کە شیعەکان هەست بە مەترسیی ڕووخانی خانووەکە دەکەن، دەزانن کە کلیلەکە لای ئەو کەسەیە کە زووتر لە هەمووان باسی درزەکانی دیوارەکەی کردبوو.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP