لەو کاتەی لە ناوچەکەدا دەنگی فیشەک لە کۆڵانی حەلەب دەبیسترا، تەنیا ٣٠٠ شەڕڤانی لێبوو، ھاوسەنگی ھێز و مەیدانی ئەوێ لاسەنگ بوو، خەمی کردنەوەی رێرەوێک بۆ ئەم ٣٠٠ شەڕڤانە کە چەند رۆژێک بوو گەمارۆدرابوون و لە جەنگێکی سەختدا بوون، کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە بووە فریادرەس و لەگەڵ تورکیاو سووریاو ھەسەدە، رێرەوێکی بۆ کردنەوەو ئیتر ئەم شەڕڤانانە بەسەلامەتی گەیشتنەوە نێو ھەسەدە، ئەم کارە بەبێ دەنگی ئەنجام درا، یەکێک لە گەورەترین و سەرکەوتووترین هەنگاوە مرۆیی و سیاسییەکان بوو کە تەواوی کورد لە ناوچەکەو جیھان دڵی لای ئەم شەڕڤانانەبوو، بە دەسپێشخەریی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گەمارۆ شکێندراو بەسەلامەتی گەیشتنەوە.
ئەمە نیشانی دایەوە کە پاراستنی خوێنی ھەر تاکێکی کورد لە ھەر شوێنێکی دونیا بێ، لای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گرینگترە لە ھەموو ململانێی حزبی کە لە ھەرێم ھەبێ یان لە ناوچەیەکی دیکە، ئەمە ھێزی دیپلۆماسیەتێکی بێدەنگە بەڵام کاریگەر و پڕ متمانە.
گۆڕینی هاوکێشەکان لە سووریای نوێدا
لەو دەمەدا کە مەترسی پەراوێزخستنی کورد لە داهاتووی سووریادا هەیە، ئەم دیپلۆماسیەتە بە رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ پاڵپشتی ماف و پێگەی کورد لە سووریا دەستی بە جولە کرد، ئەوەبوو لەگەڵ سەرۆکی سوریاو لەگەڵ تۆم باراک سەرۆک بارزانی بە روونی دیاری کرد کە دەبێ کورد لە سوریای نوێدا ماف و پێگەی پارێزراو بێ، ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی وەک رابەری کورد، ھەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم، ھەولێری کردەوە بە ناوەندێکی گرینگی چارەنووسساز بۆ یەکلاکردنەوەی داھاتووی کورد لە سووریای نوێ دا، جا نەخشەی سوریای نوێ لە ڕووی دەستوور یان شێوازی حوکمڕانی چۆن دەبێ، ئەمە پێش رووداوەکان ناکەوین، گرینگ کورد لەوێ بە پێگەیەکی بەھێزەوە دەچێتەوە سەر مێز.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەماوەی ئەم دوو حەفتەیەدا بەردەوام لەسەر ھێڵ بووە لەگەڵ:
زلهێزەکان: ئەمریکا وسەرۆکی فەرەنسا و ھاوپەیمانان.
وڵاتانی دراوسێ: تورکیا و سوریا و وڵاتانی پەیوەندیدار.
ناوەخۆی سووریا: هەسەدە.
متمانەیەکی گەورەو کاریگەربووە بۆ دروستکردنی سەقامگیری و نەھێشتنی ئاگری شەڕ بۆ ئەو بەری فورات و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ دیالوگ و دەستەبەرکردنی مافی کورد لە سوریای نوێ دا.
ئەم ھەوڵ و خەمخۆریەی لە ھەولێر وەک مەتبەخی سیاسی بۆ بڕیاری چارەنووس دەرەنجامەکەی و کاریگەرییەکەی بە گەورەیی لەماوەی داھاتوو دەردەکەوێ لەوکاتەی ھەموولایەک تێدەگەن کە ئیتر نەخشەی سوریای نوێ پێویستە چۆن بێت کە پێش رووداوەکان ناکەوین و لە کاتی خۆیدا قسەی لەسەر دەکەین.
ئەمڕۆ جیهان دەزانێت، بۆ ئەوەی ئارامی لە سووریا جێگیر بێت و مافی پێکهاتەکان پارێزراوبێت، دەبێت گوێ لەو دەنگە بگیرێت کە لە هەولێرەوە دێت، دەنگێکی دیپلۆماسی کاریگەر و چارەنووسساز بۆ داھاتووی سوریای نوێ.
لە ھەولێر خەمی گەلێکی ستەملێکراو ھەیە، لە دوای ئەم قۆناغە، ئیتر کاتی بڕیار لەسەر کابینەی نوێی حکومەت لە ھەرێم و پێکھێنانی کابینەی نوێی عێراقی فیدڕاڵ، دێت، کە ئەمەش بڕیاری یەکلاکەرەوە و کاریگەری بەدوادادێت.