دواین هەواڵ

سبەینێی عێراق.. ئاشتەوایی لە دەوڵەتێکی شکاودا

‌تەنیا کوردی

5 رۆژ پێش ئێستا

ساڵی نەوەتەکان بوو، عێراق لە ژێر گەمارۆدابوو، دیمەنێک ڕۆژانە دەبینرا کاتێک فرۆشیارێکی سەر شەقام، ئیسکانێک گوڵەبەڕۆژەی بۆ دەپێچایتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی تێچووەکەی بۆ کەم بێتەوە، لاپەڕەیەکی لە پەرتووکێک دەدڕاند و دەیکردە کیسە بۆ ئەو فرۆشیارە، گرنگ نەبوو ئەو لاپەڕەیە شیعرە، وانەیەکی مێژووە، یان هاوکێشەیەکی کیمیایی؛ لای ئەو ناوەڕۆک هیچ بەهایەکی نەبوو، تەنیا کاغەزەکە ئامرازێک بوو بۆ ساغکردنەوەی کاڵایەک.

ئەمڕۆ عێراق، بە دامەزراوەکانییەوە، نمونەیەک لەم چیرۆکەی گوڵەبەرۆژفرۆشەکە دەخاتەڕوو ئەویش پێچانەوەی دەستوورە، کە دەبوو جێبەجێکردنی دەستوور، بکرایە بونیاتنانی دەوڵەتی فیدڕاڵ و پارێزەری ھاوڵاتییان، بەداخەوە کە لای هەندێ لە هێزە سیاسییەکان تەنیا ئەو لاپەڕە دڕاوەیە کە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی لەنێودا دەپێچنەوە..

-لای ئەوان دەستوور پیرۆز نییە، بازاڕ پیرۆزە.
-ئەوان عێراقیان لە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی گۆڕیوە بۆ بازاڕێکی کاتی کە تێیدا یاسا و دەستوور تەنیا ئامرازی پێچانەوەی دەستکەوتە حزبی و کەسییەکانن.

مەترسیدارترین قۆناغی حوکمڕانی لە عێراقدا ئەوەیە کە پاش هەموو هەڵبژاردنێک، هێزەکان لەبری ئەوەی هەنگاوێک بەرەو داهاتوو بنێن، بە خێرایی دەگەڕێنەوە بۆ هەمان ئەو خاڵە تاریکەی کە دەوڵەت لێی دەشکێ.

لێرە داهاتوو نەک هەر نادیارە، بەڵکو هەستیش ناجوڵێنێت، چونکە متمانە لە نێوان دەوڵەت و ھاووڵاتییدا نەماوە.
ئاشتەوایی لە دەوڵەتێکی شکاودا نابێتە واقیع، تا ئەو کاتەی دەستوور لەلای ھەندێ ھێزدا کە کاغەزی پێچانەوەیە نەبێتە مەرجەعێکی پیرۆز. کاتێک دەستوور دەکرێتە قوربانیی بژێوی سیاسیی، ئیتر سبەینێی عێڕاق، تەنیا دەبێتە سێبەرێکی ناشرینتری دوێنێ.

بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە لەم داڕمانە ڕزگاری بێت، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆدەنگییەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تەنیا ڕێگەی دەربازبوون نەخشەڕێگایەکی وەک حزبی براوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە: (هاوبەشی، سازان، هاوسەنگی). ئەم نەخشەڕێگایە سیستەمی کارپێکردنی دەوڵەتێکی تەندروستە بۆ ئێستاو داھاتووی عێراقی فیدڕاڵ.

ئێستا کاتی ئەوەیە عێراق ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببێتەوە؛ کێشەی کارەبا، غاز، بێکاری و وێرانیی ژێرخان،پەوەردە و ژیانێکی شایستە بۆ نەوەی داھاتوو، ئەمانە بە کاغەزی پێچانەوە چارەسەر نابن. عێراق پێویستی بە داڕشتنەوەی حوکمڕانی ھەیە کە دەمێکە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق رایگەیاندووە کە عێراقی فیدڕاڵ پێویستی بە راستکردنەوەی حوکمڕانی هەیە، بە لێکتێگەیشتن و کۆدەنگی ھەیە.

عێراق لەم قۆناغەدا کە ناوچەکە بە ھەستیاری دەچێتە سەردەمێکی نوێ، پێویستی بە پەڕینەوە ھەیە بۆ فیدڕاڵیەتی تەواو، یان کۆنفیدراڵی، چونکە یان دەبێ لە فیدڕاڵییەتدا عێراق دووبارە خۆی بونیاتبنێتەوە، یانیش بڕیار بدات کە ببێتە کۆنفیدڕاڵی، لەم دوو بژاردەیە زیاتر گەڕانەوە بۆ مەرکەزییەت لە عێراق ناچێتەسەر، یانییش ئەگەر مەڕکەزییەت تۆخبکرێتەوە ئەمە نیشانەی پێشوەختەیە بۆ قۆناغی دابەشبوون.

فیدڕاڵییەت لە عێراقدا لەسەر لاپەڕە دڕاوەکان بنیات نانرێت، بەم شێوەیە داھاتووی عێراق تەنیا لە ناو بازاڕی بەرژەوەندییەکاندا دەمێنێتەوە، نەک لە مێژووی عێراقدا نەتەوەکان سەرفراز بکات و تاک و پێکھاتەکان ھەست بە ھەویەی شانازی بکەن.

کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە هێڵی درەنگکەوتن دەربچێت، پێش ئەوەی حاڵەتی لەناکاو بیگرێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP