لەدوای پەیامی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، ووشەیەک بووەتە جێگەی باس کە هەندێک وەک تانە و هەندێک وەک چەمکێکی نامۆ دەیبینن. ئینتێگراسیۆن ئەو چەمکەیە کە زۆرترین قسە و کەمترین روونکردنەوەی لەبارەوە دراوە. تەنانەت لەلایەن رێبەرایەتی پارتی کرێکارانیشەوە تەنها یەک روونکردنەوەمان بینی کە دەتوانین وەک هەوڵێکی ناسەرکەوتوو بیبینین، ئەویش روونکردنەوەکەی دوران کاڵکان بوو.
کاڵکان لەبارەی ئینتێگراسیۆنەوە نموونەی پرۆسەی ئینتگراسیۆنی پەنابەرانی هێنا، کە ئەوە بۆخۆی پرسێکی زۆر جیاواز و دوورە لەو ئامانجەی ئۆجەلان.
ئەم باسە، هەوڵێکی تاکەکەسییە بۆ روونکردنەوەی ئەوەی ئینتگراسیۆن چییە. لێرەدا بۆم گرنگە ئاماژە بۆ ئەوەبکەم کە ئامانجی باسەکە نە پاڵپشتیکردنە و نە دژایەتی، بەڵکو تەنها روونکردنەوەیە.
کەواتە ئینتێگراسیۆن چییە؟
بەر لەهەموو شتێک، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دوو سەدە لەمەوبەر. لە ناو جەرگەی مێژووی سیاسیی ئەوروپای سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمدا، ململانێیەکی بێدەنگ و قووڵ لە ئارادا بوو کە چارەنووسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی یەکلاکردەوە. دانی ئێڤانس، لە تێزە دیارەکەی بە ناوی “ئەنارشیزم وەک نا-ئینتگراسیۆن”، پەردەی لەسەر ڕەهەندێکی شاراوەی ئەم ململانێیە لابرد. ئەو پێیگوتین کە ئەنارشیزم تەنها کۆمەڵێک دروشمی دژە-دەسەڵات نییە، بەڵکو ستراتیژێکی فەلسەفی و مێژووییە بۆ ڕێگریکردن لەوەی کە مرۆڤ و کۆمەڵگە ببنە بەشێک لەو “گشتە دەستکردە”ی کە دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداری مۆدێرن دەیانویست بونیادی بنێن.
بۆ تێگەیشتن لەم تێزەی ئیڤانس، دەبێت سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ چەمکی “ئینتگراسیۆنی نەتەوەیی” کە مارسێل ڤان دەر لیندن پەرەی پێ داوە. ڤان دەر لیندن باس لەوە دەکات کە چۆن لە نێوان ساڵانی ١٨٧١ بۆ ١٩١٤، دەوڵەتەکان توانییان چینی کرێکار لە پەراوێزخراو و نامۆوە بگۆڕن بۆ “هاووڵاتیی دڵسۆز”. ئەمە لە ڕێگەی سیستمێکی پەروەردەی یەکگرتوو، خزمەتی سەربازی، و بەشداریی سیاسییەوە ئەنجام درا. لێرەدا دانی ئێڤانس خاڵە جەوهەرییەکە دەخاتە ڕوو. بەبۆچوونی ئیڤانس، ئەنارشیزم تەنها بزووتنەوەیەک بوو کە بە توندی دژی ئەم پرۆسەی توانەوەیە وەستایەوە. لە کاتێکدا مارکسیستەکان و سۆشیال دیموکراتەکان پێیان وابوو کە بەشداری لە پەرلەمان و دەوڵەتدا ڕێگەیەکە بۆ ڕزگاری، ئەنارشیستەکان درکیان بەوە کردبوو کە ئەم بەشدارییە لە ڕاستیدا جۆرێکە لە “ئینتگراسیۆن” بەمانای ئەسیمیلاسیۆن و توانەوە لەناو لۆژیکی دەسەڵاتدا.
نابێت بیرمانبچێت، ئەم تێزەی ئیڤانس پەیوەندییەکی قووڵی بە فەلسەفەی ئابوورییەوە هەیە، بەتایبەت چەمکی “داگیرکردنی ڕاستەقینەی سەرمایە” (Real Subsumption of Capital). لۆرێن گۆڵدنەر باس لەوە دەکات کە سەرمایەداری لە قۆناغێکی دیاریکراودا تەنها بەوەوە ناوەستێت کە کاتی کاری کرێکار داگیر بکات، بەڵکو هەوڵ دەدات هەموو ژیانیان وەکو (زمان، کولتوور، خەیاڵدان، و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی) یان داگیر بکات. نا-ئینتگراسیۆنی ئەنارشیستی، لەم ڕوانگەیەوە، هەوڵێکە بۆ پاراستنی “ئۆتۆنۆمیی ژیان” لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییە گشتگیرەدا. ئەنارشیستەکان دەیانویست کۆمەڵگە بە “نا-ئینتەگرەکراوی” بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت مۆدێرنیتەیەکی جێگرەوە لەسەر بنەمای کۆمۆنی ئازاد بنیاد بنێت، نەک مۆدێرنیتەیەکی دەوڵەت-تەوەر.
ئەمە واتای چییە؟
لێرەدا، ئینتێگراسیۆن وەک نا ئینتێگراسیۆن بریتییە لە هەوڵی ئەنارشیستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمون و شارەوانییەکان، بەئامانجی ئەوەی هەر کۆمونێک، هەر یەکەیەک، هەر شارەوانییەک و هەر ڕێکخستنێک شێوازێکی جیاواز لەوەی دیکەی هەبێت. لەئەنجامدا دەوڵەت هەژموونی خۆی وەک یەکەیەکی یەکگرتوو لەدەستدەدات و شتێکیش بەناوی نەتەوە نامێنێت، بەڵکو لەچوارچێوەی کۆمەڵگەی بچوک بچوک کارەکان رێکدەخرێت. بەکورتییەکەی لەکۆتاییدا نە دەوڵەت دەبێتە دەوڵەتی نەتەوەیی و نە نەتەوەش پێکدێت. لەبری ئەوان، کۆمون و یەکینە بچووکەکان جێگەیان دەگرنەوە!
ئەوەی ئەم تێزە لە تێزەکانی دیکەی ئەنارشیستەکان جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەنارشیستەکان دێنە ناو کێبڕکێی راستەوخۆی سیاسییەوە، بەڵام لەئەنجامی سەرکەوتنیان لەبنەوە دەوڵەت بنبۆش دەکەن و بەشێوازی ئیستای هەڵیدەوەشێننەوە و شتێکی نوێتر لە خۆیان و دەوڵەت درووستدەبێت. هەر ئەمەش بوو وایکردبوو کە هەندێک ئیڤانس وەک کاوتسکی ناو ئەنارشیستەکان ناوببەن، چونکە کێبڕکێی هەڵبژاردن و میتۆدی گۆڕانکاری هێواشی ڕەتنەکردەوە.
نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم تێزەیە لە شۆڕشی ئیسپانیادا دەردەکەوێت. ئێڤانس ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنارشیزم لە ئیسپانیادا بۆیە گەشەی کرد، چونکە پرۆسەی ئینتگراسیۆنی نەتەوەیی لەو وڵاتەدا شکستی هێنابوو. نەبوونی سیستمێکی پەروەردەی یەکگرتوو، مانەوەی شێوازە کشتوکاڵییە کۆنەکان، و جیاوازییە کولتوورییەکان، فەزایەکیان ڕەخساندبوو کە تێیدا کرێکاران و جوتیاران هێشتا وەک پەراوێزخراو مابوونەوە و ناسنامەی خۆیان لە دەرەوەی دەوڵەت پێناسە دەکرد. ئەم “نا-ئینتگراسیۆنە مێژووییە” بووە هەوێنی شۆڕشێک کە تێیدا کۆمەڵگە نەک تەنها دژی فاشیزم، بەڵکو دژی خودی لۆژیکی دەوڵەتیش وەستایەوە.
لە ڕووی فەلسەفییەوە، تێزەکەی دانی ئێڤانس بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە ئازادیی ڕاستەقینە لە “ئینتەگرە نەبوون”دایە. کاتێک تاک یان کۆمەڵگە دەبنە بەشێک لە سیستمێکی گەورەتر کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی ناوەندی دامەزراوە، ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان لەدەست دەدەن. نا-ئینتگراسیۆن لێرەدا وەک “کردەیەکی سیاسیی بەردەوام” دەردەکەوێت؛ جۆرێک لە بەرگری کە نایەوێت ببێتە بەشێک لەو یارییەی کە دەسەڵات یاساکانی دیاری کردووە. ئەمە تێڕوانینێکی ڕادیکاڵە بۆ دیموکراسی، کە تێیدا دیموکراسی نەک وەک بەشداری لە دەوڵەت، بەڵکو وەک “ژیان لە دەرەوەی دەوڵەت” پێناسە دەکرێت.
بە بڕوای من، نزیکترین تێڕوانینێک لە تێڕوانینەکانی ئۆجەلان بۆ پرسی ئینتگراسیۆن، تێزەکەی ئیڤانسە! ئەو تێزە تەنها لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو ئامرازێکی فیکرییە بۆ تێگەیشتن لە ململانێیەکانی ئەمڕۆش. لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا و سەرمایەداریی جیهانی هەوڵ دەدەن هەموو کون و قوژبنێکی ژیانی مرۆڤ “ئینتەگرە” بکەن و بیخەنە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵەوە، فەلسەفەی نا-ئینتگراسیۆن وەک بیرهێنانەوەیەک دەمێنێتەوە. ئەم تێزەیە پێمان دەڵێت کە پاراستنی جیاوازییەکان، ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی، و ڕەتکردنەوەی توانەوە لەناو سیستمە گشتگیرەکاندا، تەنها ڕێگەیە بۆ پاراستنی کەرامەت و ئازادیی مرۆڤ. ئەنارشیزم، بەم مانایە، دواین قەڵای بەرگرییە لە بەرامبەر جیهانێک کە بەگوتەی ئەنارشیستەکان دەیەوێت هەموومان بکاتە یەک ڕەنگ و یەک دەنگ لە خزمەت دەسەڵاتدا.