کۆبوونەوەکەی سلێمانی زیاتر سروشتی تەقلەی هەیە! تەقلە نە وەرزشە، نە هونەرە، نە زەوقە! تەنها جوڵەیەکە و وزە سەرفکردنە!
لە هەولێر، لەلایەک سەرقاڵی کۆکردنەوەی مەزڵوم عەبدی و تۆم باراکن، لەولا دەچنە داڤۆس، لەمبەر یەکێکیان چووەتە ئێران و پریامی ئەمریکای پێیە، کەچی لە سلێمانی کاکە حەمە و حاجی عەلی و مامۆستا سەڵاحیش رازی نیین بەو چاڤیلاندە.
ئەلهەقی ئەوەی غەدر لە سلێمانی دەکات، هەر ئەوەیە کە پێیوایە بەم شێوازە دەتوانرێت ڕکابەری هەولێر بکرێت.
لە دوو دەیەی ڕابردوو هەولێر توانی سوود وەربگرێت و ئینتەگرەی ئەو سیستمە ببێت کە لە جیهاندا هەیە، زیاتر لە ٣٠ نوێنەرایەتی بیانی ئیستا لەو شارەن، بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ زانیمان بۆچی جگە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، کەس ئامادە نییە نوێنەرایەتی لە سلێمانی هەبێت!
ئەوەی بینیمان نیشانەی شارستانیەتێکی سیاسییە کە پارتی بە درێژایی ئەم ساڵانە بینای بۆداناوە. هەر لەو کاتەی نەیارەکانی تۆمەتباریاندەکرد بە نەزانی و نەخوێندەواری، تەنانەت لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا، هەولێر بوو بە ناوەندی هەماهەنگی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. لە کاتی دیدارەکانی دیپلۆماتی نێوان ئێران و تورکیا و عەرەبستان، هەولێر زۆرجار بووە بە شوێنی بێلایەن. ئەمە هونەرێکە کە پارتی فێری بووە: چۆن کوردێک لەناو دونیایەکی پڕ لە دوژمنداریدا، خۆی دەکاتە پردێک نەک ئامانجێک.
لێرەدا پرسیارێکی قووڵتر هەیە: یەکێتی چی دەیەوێت؟ لە سەردەمی مام جەلالدا، یەکێتی بە خەونی دیمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤ ناسرا. ئێستا لە سەردەمی کێدایە؟ ئەو پرسیارە بێوەڵامە نە تەنها بۆ بێگانەکان، بەڵکو بۆ زۆرێک لە لایەنگرانی یەکێتیش.
فاجیعەی ئەم بارودۆخە، ئەوە نییە کە یەک لایەن ڕاستە و یەکێکی تر هەڵەیە. فاجیعەکە لەوەیە کە هەردووکیان ئیدیعای بەدیهێنانی یەک ئامانج دەکەن: پاراستنی کورد. بەڵام لە کاتێکدا یەکێکیان بە ڕێگەی دیپلۆماسی و ڕێککەوتن ئەم ئامانجە دەگەڕێت، ئەوی تر بە ڕێگەی دابەزین بە ناوخۆی خۆیەوەیە، نەزانێکیش دەزانێت حەقیقەتەکە لەلای کامە لایەنە.
هەر کەسێک بڕوانێتە جیۆپۆلیتیکی ناوچەیەکی ناجێگیر، دەزانێت کە بچووکەکان ئەگەر یەکگرتوو نەبن، دەبنە قوربانی. مێژووی کورد پڕە لە وێنەی بەشبوون و شکستی لەم جۆرە.
بۆ خۆلادان لەم شکستە، دوو کار پێویستن: دیپلۆماسی و دیموکراسی.
من کە ماوەیەک لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا ژیاوم لەوە تێدەگەم ئەو وڵاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا پاش کۆتایی جەنگی ساردەوە سەرکەوتوو بوون - پۆڵەندا، چیک، وڵاتانی بەڵتیک - هەموویان تێگەیشتن کە دەبێت هەردووکیان هەبێت، بەپێچەوانەشەوە ئەوانەی کە تەنها یەکێکیان هەبوو، وەک بێلاڕووسیا و مۆڵداڤیا لە ناوەڕاستدا گیریان خوارد.
هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هەردووکی هەبێت، دەبێت هەم ئەو دیپلۆماسییەی هەولێری هەبێت، هەم رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بگرێت. درێژەدان بەو دیمەنەی سلێمانی، پێامن دەڵێت کە نەوەک دیپلۆسایی بوونی نییە، بەڵکو قاچی ئەوی دیکەشی گرتووە.