لەشانۆی سیاسیی کوردستان، کارەساتە گەورەکە ئەوە نەیهێناوەتە گۆڕێ کە رۆڵی دەسەڵات دەگێڕێت، ئەوە هێناویەتی کە بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە لەڕۆڵ کەمتر، بەڵکو تەنها فەنکسیۆنێک جێبەجێدەکات.
ئەگەر کێشەی گەورەیی حزبایەتی و سیاسەت وەک کایە لە کوردستان ئەوەبووبێت کە بووەتە جۆرێک لە بزنس، ئەوا کێشەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەیە کە خودی جوڵانەوەکە درێژکراوەی بزنسەکەی پێشووە بەناوی سیاسەتەوە. لە نەوەی نوێ، شتێک بەناوی کادیر و ئیدۆلۆژیا و دەستەی رێبەرایەتی نییە. جوڵانەوەکە جوڵانەوەیەکی تاکەکەسییە، بەو واتایەی هەموان لەدەوری کەسێکدا کۆدەبنەوە.
پۆپولولیزم بە دیلی!
ئەم جۆرە جوڵانەوانە لەدونیادا هەن، وەک ئەوەی خیرت ڤیڵدێرز لە هۆڵەندا هەیەتی. لەوێ حزبەکە تەنها یەک کەسە و هەر خۆی بیردەکاتەوە و خۆشی بڕیاردەدات، بەڵام ئەوەی لە کوردستان بەناوی نەوەی نوێ هەیە، چیرۆکەکەی زۆر جیاوازە.
هۆڵەندا تەحەمولی خێرت ڤیڵدێرز دەکات، چونکە سیستەمی ئەوان بەهێزە، دامەزراوە دیمۆکراسییەکانی دێرین و قووڵن، هاوسەنگی دەسەڵاتیان تیادا پارێزراوە. لەوێ پۆپۆلیزم دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ماڕجینەکان بە یاسای هەڵبژاردنێکی ئاسایی، بەڵام لە کۆنتێکستێکی وەک کوردستان - کە دەوڵەت و حزب یەکترن، جوڵانەوەیەکی پۆپۆلیستی شەخسانی کارێکی دیکە دەکات: ئەویش بوونە بە ئامرازێک بۆ بازاڕکردن لە دیلبازیی نێوان ئیلیتەکان.
چ لە مفەوەز شەماڵ بکەین؟!
ئەوەی لەدوای ئازادبوونی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گوێمان لێبوو، هێندە نائومێدبەخشە، وامانلێدەکات دووبارە هەڵوەستە لەسەر هەموو شتێک بکەین. ئێمە لەسەردەمێکداین ئەو کەسەی پێشتر هەڕەشەی ئەوەیدەکرد وەک مفەوەز شەماڵ فڵانە کەسمان بۆ هەڵدەواسێت لە بەردەرکی سەرای سلێمانی، هەمان کەس هاتووەتەوە و پێماندەڵێت ئامادەیە کورسییەکانی بداتە ئەو فڵانە کەسەی نیازی هەڵواسینی هەبوو.
ئەوەی لێرەدا جێگەی خەمە، دروستبوونی پارادۆکسێکی خەمبارە: جوڵانەوەیەک کە بە رێتۆریکی دژە-سیستەمەوە بنیاتنرا، ناتوانێت بەبێ هاوکاری هەمان سیستەم کاربکات. هۆکاری ئەمە روونە، چ نەوەی نوێ و چ گۆڕان لە پێش ئەو، تەنانەت رەتی هەڵوێستیش بەشێکن لە میراتی دەنگەکانی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ١٩٩٢ و هەر دەبێت لە شوێنێکدا بگەڕێنەوە بۆ ئەو.
خۆکوشتنی سیمبولیک
ئەو قسانەی ئەمڕۆ بیستمان تەنها دەلالەتی یەک شتە؛
“پازدە کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بە بارمتەگیراون لەپێناو ئازادی یەک کەس کە شاسوار عەبدولواحیدە”
ڕاستییەکەی نەوەی نوێ دەزانێت کە حکومەت لە کوردستاندا بەبێ پارتی پێکنایەت، بەڵام ئەم یارییەی کە لەیەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا بینیمان تەنها جێبەجێکردنی ئەرکێک بوو.
کێشەکە ئەوە نییە کە ئەم ئەرکە کاری خۆی ناکات، لەوێوە دەستپێدەکات کە جوڵانەوەکە بزمار لە تابوتی خۆی دەدات و کۆی گشتی ئۆپۆزسیۆنمان وەک کارت پێشاندەدات.
جۆرج ئۆرویڵ دەیگوت: "لە سەردەمی فێڵبازیی گشتیدا، ڕاستگۆیی کردارێکی شۆڕشگێڕانەیە". ئەوەی نەوەی نوێ کردی بەپێچەوانە بوو، بەو واتایەی لە سەردەمێکدا کە هەمووان چاوەڕوانیی گۆڕانکارین، هاتووە مامەڵە بە کورسییەکانی لەپێناو ئازادی یەک کەس دەکات!
کاتێک بەشێک لە گەنجانی کوردستان هەست دەکەن کە تەنانەت نەوەی نوێش هەر سەر بازاڕە کۆنەکەیە، ئەو سەرمایە سیمبۆلیکەی پێکهێندرابوو دەبێتە قەرەبروت. بەڵێ، ئەوەی بینیمان شکانی حزبێک نییە. ئەمە شکانی چاوەڕوانیی کۆمەڵێکە کە قەبارەیان پازدە کورسییە لە پەرلەمان.
ئەوە میرابۆ بوو
ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان، میرابۆ بوو. بۆ ئەوانەی نازانن میرابۆ کێیە ؛
لە سەدەی ١٨، بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٧٨٩، شۆڕشی فەرەنسا لە سەردەمی لویسی شازدەهەمدا گەیشتە لووتکە. لە ساڵی ١٧٨٩ و لە گەرمەی شۆڕشی فەرەنسادا، شەقامەکانی پاریس بە دەنگی وتارە ئاگرینەکانی کۆنت میرابۆ دەخرۆشان. میرابۆ وەک پاڵەوانێکی نیشتمانی دەردەکەوت و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە نووسینەوەی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا. ئەو بە قسە بەهێزەکانی خەڵکی هان دەدا بۆ ڕووخاندنی قەڵای باستیل و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی. کاتێک لە نیسانی ١٧٩١ میرابۆ کۆچی دوایی کرد، شارەکە نوقمی ماتەم بوو. دوای شۆڕشی فەڕەنسا چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی کەوتنە دەست شۆڕشگێڕان کە ڕاستییەکی تاڵیان ئاشکرا کرد. دەرکەوت میرابۆ نەک هەر دڵسۆز نەبووە، بەڵکو لە بەرامبەر بڕێکی زۆر پارەدا بە نهێنی لەگەڵ پاشا ڕێککەوتبوو! ئەم ناپاکیە گەورەیە وای کرد خەڵکی فەرەنسا بە تووڕەییەوە تەرمەکەی لە گۆڕستانی شۆڕشگێڕان دەربهێنن