دواین هەواڵ

ئەو گوتارەی دەبێت هەمووان لەبەرمانبێت!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

7 رۆژ پێش ئێستا

لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پەیوەست بە کوردەوە مارکۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیامێکی پێداین و ئامۆژگارییەکی کردین. پەیامەکە ئەوەبوو کە بەهۆی پرسی کوردەوە نەیتوانیوە ئامادەی دانیشتنێکی پەیوەست بە ئۆکرانیابێت. ئەمە بەو مانایەیە کە رۆبیۆ فایلی کوردی خستە پێش فایلی ئۆکراینا! ئامۆژگارییەکەش ئەوەبوو کە بۆ لەمەودوا زۆر گرنگە بزانین بۆچی شەڕدەکەین! چونکە وەک گوتی، “سوپاکان شەڕ بۆ چەمکە ئەبستراکتەکان ناکەن، سوپاکان شەڕ بۆ گەلێک دەکەن. سوپاکان شەڕ بۆ نەتەوەیەک دەکەن. سوپاکان شەڕ بۆ شێوازێکی ژیان دەکەن، ئێمەش بەرگری لەوە دەکەین.”


بەڵام بە دیوە جیهانییەکەیدا، ئەوەی مارکۆ رۆبیۆ لە میونشن پێشکەشیکردین، تەنها قسەی وەزیری دەرەوەی کابینەکەی ترەمپ نییە، کە زۆر جار لەلایەن ئیلیتێکی دیاریکراوەوە کۆی ئیدارەکە بە سەرۆکەکەشییەوە بەبێ ئاگا ناودەبرێن لە جیهان، بەڵکو مانیفێستۆی سیاسەتی دەرەوەی نوێی ئەمریکایە. لەهەمووشی گرنگتر گەڕانەوەیە بۆ سێکوچکەی ساموێڵ هەنتینگتن، فۆکۆیاما و ئۆرێن کاس.


کاتێک ڕۆبیۆ بە شێوەیەکی بەرچاو جەخت لەسەر چەمکی شارستانیەتی ڕۆژاوا دەکاتەوە وەک بناغەیەکی هاوبەش بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا. ئەمە تەنها ئاماژەیەک نییە بۆ مێژووی هاوبەش، بەڵکو بۆچوونێکی فەلسەفییە کە پێی وایە ئەم دوو کیشوەرە بە بەها، کولتوور، ئایین (بە تایبەت ئایینی مەسیحی)، زمان (کە ئینگلیزی سەنتەرە)، و میراتێکی هاوبەش بەیەکەوە بەستراونەتەوە. ئەم دیدگایە لە بەرامبەر چەمکە گشتگیرەکاندا دەوەستێتەوە کە جیهان بە یەک یەکەی بێ سنوور دەبینن. ڕۆبیۆ بە ڕوونی ڕەخنە لەو “خەیاڵە مەترسیدارە” دەگرێت کە دوای جەنگی سارد سەری هەڵدا، کە گوایە گەیشتووینەتە “کۆتایی مێژوو” و هەموو نەتەوەکان دەبنە دیموکراسی لیبراڵ، و پەیوەندییە بازرگانییەکان جێگەی ناسنامەی نەتەوەیی دەگرنەوە. ئەم ڕەخنەیە ئاماژەیە بۆ دژایەتییەکی فەلسەفی لەگەڵ لیبرالیزمی جیهانگیری و بانگەشەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ چەمکی ناسنامەی شارستانی و نەتەوەیی.


لێرەدا کاتێک جەخت لەسەر “شارستانیەتی ڕۆژاوا” وەک یەکەیەکی یەکگرتوو دەکاتەوە و باس لە میراتی مەسیحی و کولتووری هاوبەش دەکات، لە ڕاستیدا پەیڕەوی لە تێزەکەی هەنتینگتۆن دەکات کە پێی وایە لە جیهانی دوای جەنگی سارددا، ململانێکان چیتر لە نێوان ئایدۆلۆژیاکاندا نین، بەڵکو لە نێوان شارستانیەتەکاندان. ڕۆبیۆ بە بەکارهێنانی چەمکی “ئێمە” بۆ ئەمریکا و ئەوروپا وەک یەک جەستەی شارستانی، هەوڵ دەدات سنوورە سیاسییەکان تێپەڕێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوناسە کولتوورییەی کە هەنتینگتۆن بە بنەمای مانەوەی ڕۆژاوای دەزانی.


لە لایەکی ترەوە، گوتارەکە وەک ڕەخنەیەکی توند و ڕاستەوخۆ بۆ تێزەکەی فرانسیس فۆکۆیاما لە کتێبی “کۆتایی مێژوو و دوا مرۆڤ” (The End of History and the Last Man) دەردەکەوێت. ڕۆبیۆ بە ڕاشکاوی باس لە “خەیاڵە مەترسیدارەکەی کۆتایی مێژوو” دەکات و پێی وایە ئەو باوەڕەی کە دیموکراسی لیبراڵ و بازرگانی ئازاد دەبنە کۆتا وێستگەی مرۆڤایەتی، هەڵەیەکی کوشندە بووە. ئەمە نیشاندەری گەڕانەوەیە بۆ فەلسەفەی مێژوویی هیگڵ و مارکس بەڵام لە ڕوانگەیەکی ڕاستڕەوی پارێزگارەوە، کە پێی وایە مێژوو هێشتا لە جوڵەدایە و ململانێی هێز و ناسنامە هەرگیز کۆتایی نایەت.


پرسی سەروەری بابەتێکی ئێجگار گرنگی بابەتەکەی رۆبیۆیە. ئەو ڕەخنە لەو سیاسەتەکانی، وەک سپاردنی سەروەری بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، پەیڕەوکردنی بازرگانی ئازادی بێ کۆتوبەند کە زیانی بە پیشەسازی ناوخۆیی گەیاندووە دەگرێت و بە “خۆبەدەستەوەدان” و “خۆشباوەڕی” وەسفیان دەکات و سیاسەتەکانی وزە بە “پەرستنی کەشوهەوا” ناودەبات و بە زیانبەخش بۆ خەڵک وەسفیان دەکات.
ئەوەی جێگەی باسە ئەوەیە کە رۆبیۆ باش لە پرسی سەروەری تێگەیشتووە بۆیە، سەروەری نیشتمانی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان وەک تەوەری سەرەکی گوتارەکە دەردەکەون. ڕۆبیۆ بە ڕوونی دەڵێت کە کۆنترۆڵکردنی ئەوەی کێ و چەند کەس دەچنە ناو وڵاتێکەوە، “کردارێکی بنەڕەتی سەروەری نیشتمانییە” و نابێت بە “بیانوی بێگانەترسی” یان “ڕق” لێکبدرێتەوە. ئەمە دژایەتییەکی فەلسەفییە لەگەڵ ئەو دیدگایانەی کە سنوورەکان بە بەربەست دەزانن و بانگەشە بۆ جیهانێکی بێ سنوور دەکەن. ئەو پێی وایە کۆچبەری بەکۆمەڵ هەڕەشەیەکی جددییە بۆسەر یەکگرتوویی کۆمەڵگا، بەردەوامی کولتوور، و داهاتووی گەلانی ڕۆژاوا. ئەم دیدگایە لەگەڵ ناسیۆنالیزم و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییدا دەگونجێت.
ڕۆبیۆ کاتێک باس لەوە دەکات کە “بەرژەوەندی نەتەوەیی” دەبێت لە سەرووی “سیستەمی جیهانی” بێت، لە ڕاستیدا جەخت لەسەر بنەماکانی مۆرگێنتۆ دەکاتەوە کە پێی وایە سیاسەت لەسەر بنەمای هێز و بەرژەوەندی بەڕێوە دەچێت، نەک ئەخلاق و یاسا نێودەوڵەتییەکان. ئەو ڕەخنەیەی کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیگرێت و بە بێدەسەڵاتی وەسف دەکات، ڕەنگدانەوەی ئەو گومانە فەلسەفییەیە کە ڕیالیستەکان بەرامبەر بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هەیانە.


ڕۆبیۆ کاتێک باس لە “ناپیشەسازیبوون” (Deindustrialization) دەکات وەک هەڵەیەکی ستراتیژی، ئاماژە بۆ ئەو فەلسەفە ئابوورییە دەکات کە پێی وایە ئابووری دەبێت لە خزمەت سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتمانی بێت، نەک تەنها بۆ قازانجی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان. ئەمە جۆرێکە لە “ناسیۆنالیزمی ئابووری” کە دژ بە فەلسەفەی نیولیبرالیزمی بێ سنوور دەوەستێتەوە.


ڕاستییەکەی گوتارەکەی رۆبیۆ پڕە لە وانە بۆ ئێمە. ئێمەیەک کە لەم جیهانە دابڕاوین و پێویستمان بە ڕۆبیۆیەکە جار جار بەئاگامان بهێنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP