نامەوێ بگەڕێمەوە بۆ مێژووی هەڵەبجە ناشمەوێ قسە لەسەر داهاتویەکی دوور بکەم، دەمەوێ بڵێم ئێستای هەڵەبجە چۆنە؟ چی بۆ بکرێت؟ هەڵەبجە سروشتێکی جوانی هەیە سەر زەمینێکە بەپیت، لەڕووی مرۆیشەوە هەڵەبجە پڕە لە وزەی شاراوە، بۆیە پێویستە هەنگاوی یەکەم هەڵەبجە قۆناغی شین و گریان و پاڕانەوە تێپەڕێنێ راستە ئەم شارە قوربانیە بەڵام پێویستە هەستێتەوە پرسیار بکات لەخۆی ئێمە کێین؟ دەبێ چیبکەین؟ دەبێت پرسیار لەحکومەت بکات ڕاستە هەرێم لەدۆخێکی دارایی نالەباردایە بەڵام ئایا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە خنکاوەی هەڵەبجە چی دەکەن؟
پرسیار لەئەحزاب بکات بۆ ململانێی ناتەندروستی حیزبی ناگۆڕن بۆ کێبڕکێ و خزمەتکردن بەسێکتەرە جیاوازەکانی ئەم شارە، با حیزبەکان هەر لایەنەو لەلای خۆیاوە بەرنامەیەکی گشتگیر بخەنە سەر ڕێ بۆ هۆشیاری و خەباتی مەدەنی و ئاوەدانی دوور لەئایدۆلۆجیای وشک و داخراو.
ئێمە پێویستمان بەکرانەوەیە بەڕووی خۆماندا پێویستمان بە قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەییە، دەکرێ جیاوازبین بەڵام دەکرێ بۆ خزمەتی بێ موزایەدە خاڵی هاوبەشمان هەبێت پێویستە بەخەڵک و حکومەت و حیزبەوە چاکەی گشتی شار لەبەر چاوبگرین هەر لایەنێک خزمەتی هەڵەبجەی کرد هەموولا دەسخۆشی لێبکەن هەوڵبدەن لەو چاکتر بکەن.
چیتر هەڵەبجە پێویستی بەگریان نیە پێویستی بە هەستانەوەیە وەک چۆن یابانیەکان بۆ هێرۆشیما نەگریان بەڵکو کاریان کرد تاکردیانەوە بەجوانترین شار و کەوتەوە سەر پێی خۆی، بەو هیوای هەڵەبجە ساڵێکی دیکە لە١٦ ی٣ ی ٢٠٢٦ دا ژیانی تەواو گۆڕابێ و دۆخی هەڵەبجەو پرسیار و داواکاری هەڵەبجەییەکان جیاوازتر بێت لەپرسیار و پێداویستیەکانی ئێستای هەڵەبجە، هەڵەبجەییەکان وەڵامی پرسیارەکانی پێویستە واتە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە هەڵەبجە هەمان پرسیارەکانی ئێستای نەبێت ئەم وەڵا موو هەستانەوەو سەرپێ خستنەش بەیەک لایەن ناکرێت بەڵکو سێ کوچکەی حیزب و خەڵک و حکومەت دەتوانن ئەو هەنگاوە بنێن .