دواین هەواڵ

ئاشتی تورك

‌جەلیل ئازادیخواز

16 کاتژمێر پێش ئێستا

ماوەی چەندڕۆژێكە پرسی پەكەكەو توركیە و ڕووداوێك بە ناو پرۆسەی ئاشتی باكووری كوردستان دیسان بوەتە ڕۆژەڤی كوردستان و ناوچەو هەتا جیهانیش.ئەم جۆرە باس و خواستانە نوێ نییە.توركیە چەند جاری دیكەش هەوڵی داوە بە واتەی خۆیان پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەكەكە سازكەن.ئەوەی گرنگە ئەمجارە لەبری ئەوەی پەكەكە وەك ساڵانی پێش یەك لایەنە بڕیاری ئاگربڕبدات،یا وەك پرۆسەكانێ پیشتر لە جۆرە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تورك باس و خواستی چەك دانانی پەكەكە بكەوێتە ڕۆژەڤەوە ئەوە توركیایە کە پێویستی بە ئەم ڕەوەندە هەیە، و ئەم بابەتە بە ناو پرۆسەی ئاشتی كردۆتە باسی گرنگی ڕۆژ،لە لایەكی ترەوە پێش هەر باس و بابەتێ ئەوە ئۆجەلانە كە پێشاو پێش بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەكەكەی داوە و لە پەیامێكا داوا لە قەندیل دەكات چەك دانێت و پەكەكە و هەموو چڵ و بەریان و ڕێكخراوەكانی خۆی هەڵوەشێنێتەوە.بۆ هەر جۆرە خوێندنەوە و شرۆڤەیەكی ئەم پەیامە و ئەم دۆخە. ،سەرەتا دەبێ دوو بابەتمان لا ڕوونبێت.یەك؛ ئەم ڕەوتە كردەیەكی سیاسیە و هیچ خوێندنەوەیەكی ئیدلۆژی و گۆڕانێكی پارادایمی لەپشت نییە،چ لەلایەن  ئۆجەلانەوە و چ لەلایەن تورکەوە.دوو؛ دەبێ بزانین ئەم ڕەوت و دۆخە پێشت دەستی و پێش نیاز و یستی توركە ،نەك پەكەكە و كوردستانیان ئەم بابەتە بڕیارێكی كوتوپڕ نییەو زەمەن وبیركردنەوەی تاكتیكی توركی لەپشتە و كۆ هۆكارێكێ هەرێمی و جیهانیی لەپشت ئەم بڕیارەی تورکەوە هەیە.
هۆكارەكانی ئاشتی و ویستی تورکیە.

 پێش هەڵگرسانی شەڕی حەوتی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٤ ئیسرائیل و ئەمریكا سەرقاڵی داڕشتنی پرۆسەیەكی بەرفراوانی گرنگبوون كە گۆڕانی هەراوی سیاسی و ژئۆپۆلۆتیكی لێدەكەوتەوە و دەكەوێتەوە ئەگەر بەئەنجام بگات.توركەكان بەپێی نزیكیان لە ئەوروپا و ئەمریكا ڕەنگە زووتر لە دیتران بەم پرۆژەیان زانیبێت.شەری حەوتی ئۆکتۆبەر لەڕاستی دا هۆکارێکی بەهێزبوو بۆ هاتنەپێشەوەی ئەم پرۆژە و دەستبەکاری بوونی. کاتێ سەرۆک وەزیرانی ئیسراێیل لەنەتەوە یەکگرتوەکان رازی پرۆژەکەی درکاندوو نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێی نمایشکرد ئیتر گومان نەما کە ئیسرائیل نیازی ئەنجام دانی هەیە و زۆر ڕژدە لەسەر ئەنجام دانی ئەم پرۆژەیە. لەراستیدا ئەم پرۆژە هێندەی پرۆژەی ئیسرائیلە هێندە پرۆژەی ئەمریکا نییە و نەبوو لەسەرەتاوە. گومانی تیادا نییە ئیسرائیل بێ ئەمریکا ئەم پرۆژەیەی بۆ ئەنجام نادرێت و یایەکجار ئەستەم بۆی جێبەجێ دەکرێت.

دەبێ بیری خۆمان بێنینەوە، کە پاش هاتنی ترامپ ئەم پرۆە بە شێوەکەی  جددی کەوتە بەر چاو و دەستکرا بە ئەنجام دانی. لەڕاستیدا ئیسرائیل بە قۆزتنەوەی شەڕی حەماس بۆخۆی دەرفەتە زێڕینەکەی بەدەستهانی بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیە ئەمنیەکانی سەرخۆیی و ئەنجامی پرۆژەکە بەخێرای دەرکەوت.

هەموو لێکدانەوەکان وابوو کە ئیسرائیل بە لەبەریکهەڵوەشانەوەی سەربازیی حەماس ڕازی دەبێت و دەست بۆ بازنەکانی تری ئەم هەڕەرشە ئەمنیانەی تری سەرخۆی نابات. لەڕاستیدا ئیسرائیل لەسەر سێ ئاست هەستی بەهەڕەشەی ترسناک لە سەر بوون و مانەوەی خۆیی دەکرد. ئاستی نزیک و یەکەم حەماسبوو،کە چارەنووسی دەزانین و ئیسرائیل نەک توانی ئەم هەڕەشە لەسەرئاستی سەربازی لێکهەڵوەشێنێ بەڵکو توانی لەسەر ئاستی سیایسش ئەم مەترسیە هەڵوەشێنێتەوە. بازنەی دووهەمی ئەم مەترسیە، کە گەوورەتر و ترسناکتر بوو بۆئیسرائیل بریتیبوو لە حیزبو ڵای لوبنان. زۆر بوون ئەوانەی وایان بیردەکردەوە،کە هەرکات حزب ڵا بەسێوەیەکی جددی بکەوێتە بەر هێرشی لێکهەڵوەشانەوەی ئیسرائیل ئێران بێدەنگ نابێت و ڕاستەو خۆ دێتە ناو شەڕەکەوە. دەرئەنجام دەریخست کەوانییە. هۆکاریشی زۆرن وەک ئامادەیی فراوانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ترس لە هاتنەناوەوەی بۆ ئەم شەڕە. دۆخی ئابووریی و ناوخۆی ئێران خۆی، توانایی سەربازیی و تەکنیکی و هێرشبەری ئیسرائیل خۆیی.

زۆربوون کە  دەیان وت؛ ئیسرائیل دەست بۆ سەرانی حیزب وڵا نابات و خۆی لە شەڕێکی گشتگیر لەگەڵ ئەم حیزبە دەپارێزێ، بەڵام کۆی ئەو خوێندنەوانە هەڵەبوون و ئیسرائیل نەک تەنیا سەری ئەم حیزبەی کوشت، بەڵکو جێگر و چێگرەوەی جێگریشی کوشت. هێندە بە وردی رەخنەی کردبووە ناو تۆڕی هەواڵگری و ئاسایشی ئەم هێزە توانی لە ماوەیەکی یەکجارکەم دا بیخاتە سەر چۆک، لە کۆی ڕەهەندەکاندا. بازنەی سێهەمی ئەم مەترسیی و هەڕەشە بنەمایانە کە بوونی وڵاتی ئیسرائیل دەخەنە دۆخی نەمانەوە و سەرچاوەی دووبازنەی پێشترە ئێرانە. ئێران لە هەرێم و جیهاندا وەک هێزێکی گرنگی ناوچەی خاوەن هێزو توانای شیاوی ڕامانی سەربازی و چەک وێناکراوبوو، کە ئەگەر ڕاشکاوبم دەتوانم بڵێم؛ ئەمریکاش خۆی لە ڕووبوونەوەی دووردەگرت. ئیسرائیل بە و شیاری و هێز و پرۆژە، بەڕاستی ساتمەو سەرسمێکی گەورەی بەئێران و هەموو هاوپەیمان و نوێنەرەکانی دال لە کۆی جیهان و ناوچەکەد او سەلماندی وانییە و بە شێوەکی بنەمایی و بەرچاو هاوکێشەو کۆی بیردۆزەکانی ئەم بابەتەی گۆری.ئیسرائیل هەنووکەش لەم مەترسیە رزگاریی نەبووە. ڕوونە ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکانە هەوڵەدا هەرچی زووتر دەستی بگاتە چەکی ناوکی و ئەم ڕاستیەش هەموو جیهان و ئیسرائیلیش دەیزانێ.لێرەوە دەتوانین بڵێن؛ فازێکی تری ئەم پرۆژەیە یا هەڵوەشانەوەی

یا لاوازکردنی ئێرانە تا ئاستی دەستەمۆکردنی.

وڵاتی ئیسرائیل بۆ گەشتن بەم ئەنجامە و زامنکردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆیی بۆ هەمیشە و بە شێوەکی شیاوی ئەرخایەن دەبوو وە دەبێ سوریا بگۆرێت و خۆی بگەیەنەتە سنوری باکووری کوردستان.

ئەم هەنگاوە هەنووکە لە دۆخی ئەنجامداندایە.

تورکەکان بۆ سڕکردنی ئەم هەنگاوە و پرۆژەی ئیسرائیل بە چاودێری کردنی ووردی سوریا و وێرانی سپاوی ئەو وڵاتەو کشانەوەی هێزەکانی حیزب وڵا و ئێران و هەندێ بدەو بسێنەی تر پێش دەستیانکردو جۆلانیان کردە فەرماندەی سوریا. ئەم هەوڵەی تورک لە کۆتا وەختا بۆکاتی دەتوانێ زەبربێت لە ئیسرائیل و پرۆژەکەی، بەڵام درێژخایەن ئەمەی بۆ ناچێتەسەر
بە کۆ هۆکارێ کە لێرەباسناکرێن.

بەهەستکردن بەم گۆڕانەو ئەم هۆکارانەی خوارەوە تورکەکان داوی ئاشتی بێ دەسکەوت دەکەن.

هەتا پێش هاتنەوەی ترامپ بۆ ئەوانەی جاودێری ئەویان دەکرد و پرۆژەی ٢٠٢٥ ئەویان خوێندبووەوە، دەزانرا نێوانی ئەوروپا و ئەمریکا دووریەک بەخۆییەوە دەبینێ و دەبێ چاوەڕوانی وەرزێکی نوئ بین لە پەیوەندی نێوان ئەم دووانە،کە کەمترین ئەنجامی هەڵوەسانەوەی ناتۆ یا ڵانیکەم لاواز بوون و کەم بەهابوونی ئەم پەیمانیە، کە لە هەردوو دۆخەکەدا تورکەکان زۆرترین زیان دەکەن.تورکیە لە مێژوویی سیاسی خۆیدا زۆرترین سود و کەڵکی لەم خاڵە بردووە، هەروەها زۆر ملهوریی و باجگیر و یاغیگەر یش هەربەم بابتەوە کردووە، ئەم ئیمتیازە ئەوروپیەکان بە تورکییەیان نەداوە ئەمریکا داویەتی، ئەوروپا بەمێژوو وە بەکردەی تورک هیچکات مەیلیان لە تورکیە نەبووە بۆشیان جێگای متمانە نییەو نەبووە.

دانوسانی ئەمریکاو رووسیە یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە کە لە بەرژەوەندی تورکەکان نییە.ئەمریکیەکان بەو دانووسانەی لەگەڵ ڕووس دەیکەن و بەو ئیمتیازانەی کە رەچاو دەکرێت بە رووسەکانی بدەن، چەند خاڵ دەخوازن بەدەست بێنن. دوورکردنەوەی رووس لەچین کە گەوورەترین ویستی ترامپە. تەریککردنەوەی ئێران و بێ پارێزبەندی مانەوەی. دەسکراوەی ئیسرائیل و نەتانیاهۆ. لەم دۆخەدا هەتا ئەگەر ناتۆیەکی ئەورووپی پێکبێت کە دوورنییە، ئەم ناتۆیە جێگەی بڕوانییە کە تورکیایی تیدابێ. باشترین دەرفەتی تورک رووسیەیە ڕووسەکان بە سروشت و بەرژەوەندی دژی ئیسرائیل ناوەسنەوە.تەنیا وڵاتێ کە نەجوو بە هانای ئۆکراینەوە ئیسرائیلە بیرمان نچێت. ئەگەر تورکەکان سەربەخۆش بمێننەوە لەسوریاو جیهانی ئیسلام دا بەر وڵاتانی عەرەبی دەکەون لە جیهانی عەرەب و ئیسلام دا بەتایبەتی عەرەبستان. ترامپ عەرەبستانی لە هەر وڵاتێکی تری جیهانی ئیسلام و عەرەب لاگرنگترە. هەمووان وایان دەزانی یەکەم دانیشتنی رووسیا و ئەمریکا ئانکارا دەبێت، بەڵام دیمان ریاز بوو، کە ئەمە خۆیی هەڵگری زۆر ئاماژەیە.زۆرئاماژە هەن بۆ ئەم بۆچوونە، وەک ئەوەی بنسەلمان یەکەم کەس بوو کە ترامپ پاش سوێند خواردن پەیوەندی پێوەکرد. وادیارە رۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامی و بەتایبەت عەرەبی سپێراوە بە عەرەبستان و رۆڵ سیاسی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئیسرائیل.

فاکتەرێکی تازە هاتوەتە پرسی گەلانی ناوچەکەو کۆی پرسی سیاسی ناوجەکە، کە ئیسرائیلە و ئەمەش بۆ تورکەکان قبولکراونییە و خۆیان دەزانن بەر یەککەوتنی تووندیان دەبێت. ئیسرائیل دەزانی ئەگەر پشتێنەی ئاسایشی دەوی  دەبێ سەرەتا سووریا یا دابەشکات یا دیسانترالیزەکات  جوون رێگەی مەهارکردنی تورکەکان دابینکردنی ئاسایشی لوبنان و سوریە و پاشان تورکە.

هەموو ئەمانە و هەندێ بابەتی دیکەش کە دەکرێ لە نووسینێکی دیکەدا بپەرژێمە سەریان. چەن بابەتی گرنگی ناوخۆی تورکیەش هەن و رۆڵی گرنگیان هەیە لەم پەیوەندیەدا. گەشەی وشیاریی نەتەوەیی کە پەکەکە و کرانەوەی جیهانیی و گۆڕانکاریە هەرێمیەکان هەرکام بە نۆرەی خۆیان کاریگەریان لەسەری بووە و هەیە. فۆرمگرتنی جۆرێک لە بزووتنەوە و کۆمەڵگای سڤیلی کورد لەو وڵاتە کە بەجیا شیاوی باسکردنە. رۆڵی ئەو حیزبانەی کە لە باکوور بە ناوی کورد و بە هێز و پوتانسێڵی کورد و بە سوودی تورکە بە ناو چەپەکان تەواودەبێت. ئەمانە ئیتر واقعیەتێکی سیاسی گرنگ  و بەرچاون، بەڕادەیە هەرئێستا ئەردۆغان بۆ بوونەوە بەسەرۆکی تیورکیەو دەسکاریکردنی یاسای بنەڕەتی یەکجار و زۆر و ئستراتیژیک پێویستی بەدەنگیانە و یەک لە خاڵەکانی ئەم ئاشتی خوازیە دەتوانێ ئەمەبێت.

لەڕووبەرێکی دیکەدا ئەگەر سەرنجی دۆخی شەڕی تورک و پەکەکە بدەین بەڕوونی دەزانین نە تورک توانیویەتی پەکەکە  لەناوبرێت و بێ کاریگەری بکات وەک خۆیان دەڵێن، نە پەکەکەش توانیویەتی تورک دوچاری شکان و پاشەکشەبکات. بە جۆرێ دەتوانین بڵێن؛ هەردوولا لەدۆخی بەرەنگاری دان بەتایبەتی پەکەکە. کەوابوو هەڵوەسانەوەی سەربازیی پەکەکە لەئێستادا بۆ هێندە بۆ تورکیە گرنگە.؟ من پێموایە و زۆر وتوومە و ئستاش دەڵێمەوە ،کە تورکیە ئەم نامەی ئۆجەلانی هێندە بۆ رۆژئاوا دەوێت بۆ باکووری ناوێت و بەو ئاستەلای گرنگنیە. رووداوەکانی داهاتوو راستی و ناراستی ئەم بابەتە دەردەخەن. هەڵقەی پەیوەندی کورد و گۆڕانەکانی ناوچە و ئیسرائیل ڕۆژئاوایە و تورکیە دەیەوێ ئەم هەڵقە ببچرێت.

بەجیاو لە وتارێکی دیکەدا دەتوانین چۆنیەتی مامەڵەی پەکەکە لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان و مافی هەڵوەشانەوەی پەکەکە باسبکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP