دواین هەواڵ

|

دونیا بەرەو کوێ؟ ڕێکەوتنامەی مارا لاگۆ

‌د.سەردار عەزیز

14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمرۆ باس لە شتێک دەکەم بڕێک نهێنییە. هەموان دەزانن مارا لاگۆ وەک کۆشکی سپی دووەم ناسراوە، ماڵی تایبەتی دۆناڵد ترەمپە.

لەم ڕۆژانەدا قسە لە سەر ڕێکەوتنامەیەک هەیە کە بە ڕێکەوتنامەی مارا لاگۆ دەناسرێت. وەک دەڵێن کەس بە تەواوی نازانێت چیە و چۆنە، بۆیە دەبێت لە دەرکەوتەکانی وورد بینەوە.

سەرەتا پرسەکە چیە؟ هەمووی لە سەر دۆلارە. ئەمریکا ناتوانێت لە بوارەکانی تری وەک پیشەسازی و کاڵادا ڕکەبەری نەیارەکانی بکات، بۆیە چەکی بەهێزی ئەمریکا دۆلارەکەیەتی. بەڵام کاتێک دۆلار دەبێت بە دراوی بەهێزی جیهان، نرخی زیاتر دەکات لەوەی پێویستە، ئەمە چەندێک قازانج بە ئەمریکا دەگەیەنێت، لە ڕوی داراییەوە، لە روی ترەوە زیانبەخشە چونکە نرخی کاڵای ئەمریکی گران دەکات و هەروەها ئەمریکا دەکاتە جێگایەک بۆ ڕاکێشانی کاڵای وڵاتانی تر. جۆرێک لە ئابوری وڵاتانی نەوتی کە بە نەخۆشی هۆڵەندی ناسراوە.

ئێستا ئەوانەی لە پشت ئەم ڕێکەوتنەوەن دەیانەوێت دۆلار بە دراوی جیهانی بمێنێتەوە، بەڵام نرخەکەی هێندە گران نەبێت کە زیان لە بەرهەمهێنانی ئەمریکی بدات. ئەمە بۆخۆی جۆرێکە لە دژایەتی، یان بە زمانی مارکسییە کۆنەکان تەناقوزی کەپیاتالیزم.

عەقڵی قوڵ لە پشت ئەمەوە لێکۆڵەرێکە بە ناوی ستیفن میران، کە بەرپرسی ئەنجومەنی ڕاوێژکارانی ئابوری دۆناڵد ترەمپە.

بە دیدی ئەوان بۆ ئەوەی ئەم دژایەتیە بەرجەستە بێت دەبێت بونیادی ئابوری جیهان بگۆردرێت.

ئەمەش تەنها لە ڕوی ئابورییەوە ناگۆڕدرێت. بۆیە دەبێت سیستەمی سەربازی و ئاسایشی و هاوپەیمانی ئەمریکا بە جۆرێک بگۆڕدرێت کە دونیا دابەش بکات بە سەر دۆستان، بێلایەنان لە گەڵ نەیاران. پاشان لە میانەی سیستەمی سەربازی ئەمنی ئەمریکیدا ئەکسێسی ئەو وڵاتانە ڕێکبخرێت بۆ بازاڕ و کاڵای ئەمریکی، هەروەها ببێت هۆی هەرزانبونی دۆلار، بەڵام فرۆشتنی زیاتری کاڵای ئەمریکی.

بیرتانە کازمی پیرمێردێکی هێنابوو بە ناوی عەلی عەلاوی بە هەمانجۆر بیری دەکردەوە کە گوایە ئەگەر دینار هەرزان بکرێت، ئەوا کاڵای ناوخۆیی سەنگ پەیدا دەکات، بەڵام وەها دەرنەچوو. پێیان دەگوت وەرەقەی سپی.

میران و ئەوان باس لەوە ناکەن ئەگەر هاتوو ئەم پرسە سەری نەگرت چی دەبێت؟ وەک دەبینین ئێستا ڕوبەڕوی سەختی زۆر بوەتەوە بە تایبەت لە گەڵ کەنەدا، هەروەها لە گەڵ مەکسیک و چیندا بە باشی ناڕوات.

بۆیە ئیدارەکە باس لەوە دەکەن کە گۆڕانکاریی هەمیشە بڕێک ژانی لە گەڵدایە. بیرتان دەێت ئەو ڕۆژە لە کۆشکی سپی کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئایرەلەندی سەردانی کرد، لە دۆناڵد ترەمپیان پرسی دەربارەی گرانبونی نرخ و دابەزینی بەهای پشکەکان ئەویش زۆڵانە سەرنجەکەی گواستەوە بۆ سەر گۆرەوییەکانی دی جی ڤانس. لە گۆرەویەکانی ڤانسدا پەلەک سێپەڕەیەک هەبوو کە لە ئایرلەندا بە شامرۆک ناسراوە، سیمبولی هاتنی قەشەی پاتریکە کە ئاینی کاتۆلیکی بۆ ئەم دورگەیە هێناوە و هەرچی مار هەیە هەموی کوشتوە، وەک ئەفسانەکە دەڵێت.

زۆربەی میدیای جیهانی وەهایان لێکدایەوە کە ترەمپ گاڵتە بە گۆرەوییەکانی ڤانس دەکات. دیارە ڤانس لە هیلبیلیەکانە. کتێبە بەناوبانگەکەی بە هەمان ناوەوەیە. چیرۆکێکی درێژە.

دیارە بە ڕاستی هەوڵەکان چونکە ڕوون نین و پڕن لە دژایەتی، بە ئاسانی لێی تێناگەم. ئامانجی سەرەکی هەرزانکردنی قەرزە، چونکە ئەمریکا زۆر قەرزارە، بەجۆرێک قەرزارە کە خزمەتی قەرزەکانی یان سو، زیاترە لە تێچونی سەربازیی. ئەم خاڵە لە مێژودا هەمیشە خاڵی وەرچەرخان بوە بۆ ئیمپراتۆریەتەکان. بەڵام ئەوەی مایەی حەیرانە، ئەوەیە بۆ نمونە، کاتێک تاریفە زیاد دەکەن، بە مەبەستی بە دەستهێنانی داهات بۆ یارمەتیدانی بەرهەمهێنان لە ئەمریکا، بەڵام تاریفە بەهای دۆلار بەرزدەکاتەوە و هەروەها نرخی قەرزکردن زیاتر دەکات. وەرەقەکەی میران لە کۆمێنت دادەنێم، بەختێکی باش

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP