دواین هەواڵ

ئایا سەردەمێکی نوێی سیاسی لە ئەڵمانیا دێتە ئاراوە؟

‌د. پشتیوان فەرەج

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئایا بەدیل بۆ دۆیچەلاند دەبێتە هۆی نۆرمێکی سیاسی نوێ لە ئەوروپا؟

بەدیل بۆ دۆیچەلاند ناوی ئەو پارتەیە کە هەموان چاوەڕوانی بردنەوەی گەورەی لێ دەکەن لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا.
تادێت پارتە تەقلیدیەکانی ئەڵمانیا وەک پارتەکانی چەپی ناوەڕاست و ڕاستی ناوەڕاست کە جاران باڵادەست بوون ئێستا دەنگ و پێگەیان لە ئەڵمانیا کەم دەبێـەوە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ ەوە ئەم پارتانە توانیان نزیکەی سێ لەسەر چواری دەگەکان بەدەست بێنن بەڵام لە ئێستا بەهەردوو جەمسەرەوە ناتوانن %٥٠ ى دەنگەکان بەدەست بێنن. ئەو پارتانەی کە بەهێز بوون لە ئەڵمانیا و وڵاتە بەهێزەکانی دیموکراسی لە ئەوروپا ئێستا لە پاشەکشەدان و پشتگیری جەماوەریان کەم دەبێتەوە.

ئەڵمانیا کە سەرکردایەتی سیستەمی دیموکراسی ئەوروپای دەکرد ئێستا لە پاشەکشەدایە, لە هەڵبژاردنی فیدراڵی ساڵی ٢٠٠٢دا، پارتی سۆسیال دیموکراتی چەپی ناوەڕاست لە سەردەمی گێرهارد شرۆدەر و هاوپەیمانی یەکێتیی ڕاستی ناوەڕاستی ئۆپۆزسیۆن – کە لەلایەن یەکێتی دیموکراتی مەسیحی و یەکێتی سۆسیال مەسیحییەوە پێکهێنرا – بە کۆی گشتی لەسەدا ٧٦ی دەنگەکان بەدەستهێنا. بە پێ ی دوایین ڕاپرسییەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو هێزی گەورە لە سیاسەتی ئەڵمانیا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کەمتر لە 50%ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن.

چەند هۆکارێک هەن کە وایان کرد سیاسەتی ئەڵمانیا بەو جۆرە بێت و بەهۆیەوە پارتێکی نوێ ی وەک پارتی بەدییل بۆ دۆیچەلاند سەرهەڵبدات لەوانەش ئەو بەڵێنانەی کە پارتە باڵادەستەکان نەیانبردۆتە سەر وەک پرسی کۆچبەری و پرسی گەنجان و پرسی ئابوری و پرسی گۆڕانکاری کەشوهەوا.
دەنگدەرانی ئەڵمانیا زیاتر هەست دەکەن ئەم پارتە تەقلیدییانە چیتر نوێنەرایەتی نیگەرانییەکانیان ناکەن، ئەمەش دەرفەتی بۆ بزووتنەوە یاخیبووەکان دەڕەخسێنێت. 

لەگرنگترین ئەو پرسانەی هەن ئەو باوەڕەیە کە ئەگەر هەر ئەم پارتە تەقلیدیانە لەسەر حکوم بن ئەوا نەوەى داهاتوو ژیانیان باشتر نابێت لە نەوەی ڕابردوو لە ئەڵمانیادا. 
ئێستا لە ئەڵمانیا دوو جیل هەیە دوو جۆر دەنگدەر هەیە جیل و نەوەی دەرەوەی سیستەم و جیل و نەوەی ناوەوەى سیستەم. 
جیل و نەوەی دەرەوەی سیستەم ئەوانەن کە خۆیان بەقوربانی سیستەمی سیاسی وڵاتەکەیان دەبینن و گومانیان لە دڵسۆزی و شارەزایی ئەوانە هەیە کە ئێستا لە حکوم دان و بەشێوەیەکی گشتی زیاتر لە نیوەی گەنجانى ئەڵمانیا خۆیان لەبەرەی دەرەوە دەبینن و خۆیان بەقوربانی دەزانن و متمانەیان بە پارتە سیاسیە تەقلیدیەکان نەماوە و باوەڕیان بە میدیا فەرمیەکان نیە و پێیان وایە سەرجەمی ئەو پارتە تەقلیدیانە بەسەرچوون و چیدی نوخبەی ئەو پارتانە دەبێت دەستبەرداری حکومداری بن و ڕەوتێکی نوێ بەناوی ڕەوتی بەدیل بۆ دۆیچەلاند جێگەیان بگرێتەوە.

دەنگدەرانی ڕەوتی بەدیل بۆ دۆیچەلاند چیان دەوێت.؟

پرسی کۆچبەران
خواستێکی بەرز بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچبەران. بەبەراورد بە بەریتانیا و ئەمریکا و کەنەدا و فەرەنسا و ئوسترالیا ئەڵمانیا ئەو وڵاتەیە کە بەرزترین خواستی کۆنتڕؤلکردنی کۆچبەری هەیە و ئەڵمانیەکان نیگەرانی پرسی کۆچبەرین. ڕەوتى بەدیل بۆ ئەڵمانیا بەڵێنی داوە کە هەڵوێستی توند و سەختی بەرامبەر کۆچبەران بگرێتە بەر لەوانەیە ئەگەر لە هەڵبژاردن براوە بن وەک ترەمپ بن.

پرسی گرێبەستی کۆمەڵایەتی
دەنگدەرانی ئەم ڕەوتە پێییان وایە ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتەی کەلەنێوان هاوڵاتیان و حکومەتدا هەیە گرێبەستێکی شکستخواردوە و لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان نیە ئەمانە داواى گرێبەستێکی نوێ دەکەن بەجۆرێک بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێ و چارەسەری سیستەمی چەقبەستووی ئابوری بکات و بەرهەمی ناوخۆ زیاد بکات و سیستەمەکە چارەسەری پێ بێ بۆ قەیرانی بەرزبوونەوەی تێچووی ووزە.

پرسی نەوەی ئایندە
دەنگدەرانی ئەم ڕەوتە پێیان وایە ئەو منداڵانەی ئەمڕۆ گەورە دەبن لە دایک و باوکیان هەژارتر دەبن – ئەمەش جیاوازیەکی گەورەیە لەگەڵ ئەو گەشبینییەی کە جاران لە ڕابردوودا دیدگای ئابووری ئەڵمانیای پێناسە دەکرد.

پرسی ڕەشبینی دەربارەی ئایندە
دەنگدەرانی ئەم ڕەوتە زیاتر گەندن و تەمەنیان لە خوار ٣٥ ساڵیەوە و ئەوان سیستەمەکە وای لێکردوون زۆر گەشبین نەبن بەرامبەر ئایندە. ڕەشبینی ئەوان بەتایبەتی لەبواری داراییدایە.

پرسی گومان لە گۆڕانکاریە ژینگەیی و کەشوهەواییەکان
ئەم دەندەرانەی پارتی بەدیال زیاتر گومانیان لە گۆڕانکاری کەشوهەوا هەیە و پێیان وانیە کە گۆڕانکاری کەشوهەوا مرۆف لێ ی بەرپرس نیەو و گومانیان لەو پرسە هەیە و ڕەتی دەکەنەوە.
پرسی گەرمبوونی گۆی زەوی پرسێکی سەرەکی نیە بۆ ئەوان و پێیان وانیە جیهان لە ئەنجامی چالاکیەکانی مرۆفەوە گەرمتر و پیسستر دەبێت.

نیگەرانی میدیا
بەشێکی زۆری دەنگدەرانی ئەو ڕەوتی بەدیل بۆچونی جیاوازیان هەیە لەسەر میدیا ی تەقلیدی و لە کۆی ١٠ کەس تەنها ٣ کەسیان باوەڕیان بە میدیای تەقلیدی هەیە و زیاتر شوێنکەوتەی ئینستاگرام و تیکتۆکن. ئەم دوو پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی پشتیوانی لە پارتی بەدیل بۆ دۆیچەلاند ئەوان تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی ستراتیژیانە بەکار دێنن بەتایبەت لەنێوان دەنگدەرانی گەنجدا. ئەم گەنجانە بەڕێژەیەکی زۆر کەم متمانەیان بە هەواڵ و میدیا فەرمیەکان هەیە.

ئایندەی پارتی بەدیل بۆ دۆیچەلاند

ئایا ئەم پارتە بۆ ماوەیەکی کاتی دەمێنێتەوە و کاریگەر دەبێت یان لە دوورمەودادا دەمێنێتەوە؟

تادێت لەسەرتاسەری ئەوروپادا سەردەمی هەژموونى دوو حزبی پێشبینی کراو کاڵدەبێتەوە و ڕەوت و گروپ و بزوتنەوەى نوێ جێگەیان دەگرنەوە کە ئەوان تادێت سیاسەتێکی یاخی بوانە دەگرنە بەر ئەویش بەهۆی پاشخانی دڵەڕاوکێ ی پرسی کۆچبەری و ناسەقامگیری ئابوری و زیادبوونی باج و گرانی سوتەمەنی و گۆڕانی نۆرمە سیاسیەکان زۆر بەخیێرایی ڕوودەدەن. ئەمە وادەکات پارتە تەقلیدیەکان تا دێت متمانە لەدەست دەدەن و دەنگدەرانیان تا دێت ڕەشبینتر و بێ متمانە تر دەبن و پارستە سەرەکیە تەقلیدیەکان ڕەت دەکەنەوە و بەرەو پارتە نوێیە جیاوازەکان دەڕۆن. ئەمە وای کردوە پارتە تەقلیدیەکان ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی چارەنوسساز ببنەوە و ئایا دەتوانن بەرگری لە دەنگدەرانی خۆیان بکەن, ئایا بەچی دەنگدەران ڕازی دەکەن لە کاتێکدا پارت و ڕەوتە نوێیە سیاسیەکان جیهان بەرەو جەمسەرگیرتر دەبەن بەتایبەتی لە ئەڵمانیا کە خەڵک و دەنگدەران چاوەڕوانی بیرۆکە و سیاسەتی نوێن لەجیاتی ئەوانەی کە پێشبینی کراون و تاقی کراونەتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP