دواین هەواڵ

قۆناغەکانی گەشەی بیرکردنەوە (عەلی حەمەساڵح)بەنمونە

‌عومەر عەبدوڵا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

قۆناغەکانی گەشەسەندنی بیرکردنەوە رەخنەیی بە گوێرەی (کورتە رابەری بنەما و ئامرازەکانی بیرکردنەوەی رەخنەیی) بەو شێوەیەیە، کە دامەزراوەی بیرکردنەوەی رەخنەیی بۆ کۆنفڕانسی ساڵانەی بیرکردنەوەی رەخنەیی چاپیکردووە. بۆ هەر شەش قۆناغەکە، نمونەیەکی واقعی دەهێنمەوە. لەسەر دەستگیرکردنی عومەر فەقێ، ئەوڕۆ برادەرێک گوتی عومەر فەقێ لەسەر رەحمەت ناردن بۆ گۆڕی سەددام دەستگیرکراوە، بەڵام جاش و بەعسی و ئەنفالچی لە بازاڕ دەسوڕێنەوە.

(عەلی حەمەصالحیش هەمان قسەی کردووە. لە کۆمێنت دایدەنیم) دواتر وا قسەی کرد، کە گوایە ئەو پارێزەرانە، لەسەر ئەنفالچی و بەعسیەکان سکاڵایان نەکردووە، بەڵام لەسەر عومەر فەقێ کردویانە. منیش گوتم، ئەگەر دزێک دزی لە تۆ بکات، بای هەزار دۆلار و تۆش بزانی دزەکە کێیە، ئایا سکاڵا لەدژی دەکەی؟ گوتی بەڵی. گوتم، ئەگەر یەکێک بڵێت لەو وڵاتە بە دەیان و سەدان دزی ناقۆڵا هەیە، هەیانە بەملیاران دۆلار دەدزێت.

بۆ ناچی سکاڵا لەسەر ئەەان تۆمار بکەیت، بۆ چووی لەسەر دزێک تۆمارت کردووە کە هەزار دۆلار دەدزێت؟ ئەوکات وەڵامت چت دەبیت؟ وەڵامی پرسیارەکەمی نەدایەوە، چەند جار ئەو پرسیارەم کردەوە، هەر بابەتی لاوەکی باسدەکرد. بۆ نمونە ڤیدیۆی کاکەمین نەجاڕی دادەنا، کە دەڵێت ئێمە داڵدەی بەعسی و ئەنفالچیەکان دەدەین. بەڵام وەڵامی پرسیارەکەمی ئێستاش نەدایەوە. لەڕێی ئەو مناقەشەی سەرەوەوە دەچمە ناو قۆناغەکانی پەرەسەندنی بیرکردنەوەی رەخنەیی. قۆناغی یەکەم (Unreflective Thinker ):

لەو قۆناغەدا تاک هەست ناکات بەو کێشانەی لە بیرکردنەوەکانیدا هەن. وەک ئەو پۆستەی عەلی حەمەصالح لەسەر گرتنی عومەر فەقێ کردویەتی. قۆناغی دووەم (Challenged Thinker ) لەو قۆناغەدا، تاک هەست دەکات بیرکردنەوەکەی کێشەی تێدایە. وەک ئەو برادەرەی وەڵامی پرسیارەکەی منی پێنەدەدرایەوە.

قۆناغی سێیەم (BeginningThinker) لەو قۆناغەدا، تاک هەوڵدەدات، جار جارە هەڵەکانی لە بیرکردنەوەدا راست بکاتەوە، بەڵام هەموو کات نا. ئێستا بۆ نمونە ئەو برادەرە ئەگەر دان بەهەڵەی بەراوردی سزای عومەر فەقێ و ئەنفالچیەکان بهێنێت، دەگاتە ئەو قۆناغە. قۆناغی چوارەم (Practicingg Thinker )لەو قۆناغەدا، تاک هەست بەوە دەکات کە پیویستە بیروڕاکانی بخاتە ژیر باری سەرنجی بیرکردنەوەی رەخنەیی. قۆناغی پینجەم (Advanced Thinker) لەو قۆناغەدا، تاک بەکردەیی بیرکردنەوەکانی تاقیدەکاتەوە وهەڵە لە بیرکردنەوەکانی دەگریت، تا دەگاتە ئاستێک کەمترین هەڵە دەکات. قۆناغی شەشەم (Master Thinker)لەو قۆناغەدا، تاک، هیندە شارەزا دەبێت، هەر بەسروشتی کەمدەکەوێتە هەڵەوە، بەبێ ئەوەی دوو جار بیربکاتەوە هەڵە ناکات.

بابەتەکە نەبێتە شەخسی، بەڵام بەراستی مەترسیدارە، سەرۆکی حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن لە نزمترین قۆناغی بیرکردنەوەی ڕەخەنەیدابێت. بۆچی مەترسیدارە؟ چونکە کاک عەلی خراپەی گەورەپارتی و یەکیەتی (داڵدەدانی ئەنفالچی و بەعسیەکان) دەکاتە پەردە بۆ تاوانی رەحمەت ناردنی عومەر فەقێ بۆ سەددام. مەترسیەکە لەوەدایە، کە ئەوانەی لەو قۆناغەدان، لە زۆر بابەتی دیکەش ئاوا بەلێڵی بۆ شتەکان دەڕوانن. سیاسیەکان بەتایبەت لە لای خۆمان زۆریان لەو ئاست و قۆناغەدان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP