ساڵانێکە دۆخی هەرێم باش نییە، بەتایبەت ناکۆکی ناوخۆ، زیاتر گەشەی بە قەیرانەکان داوە. مامۆستایان و فەرمانبەران، توڕەو نیگەرانن؛ حەقیشیانە. پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان یەکێتی و پارتی هیچ دەردێکی عیلاج نەکرد. بگرە کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتیشی ئاڵۆزتر کرد. تەنانەت خەریکبوو مەیلی شارچێتی تۆخ دەبۆوەو کەسانێک بەجدی کاریان لەسەر دەکرد. بۆیە ئەم فەوزاو ژینگە ناسەقامگیرە پێویستی بە پێداچونەوەو باش کردنە.
گەر دراسەی بکەین، هەرکات یەکێتی و پارتی نێوانیان باش بوبێت، دەستکەوت زیاتر بووە. کارو کەسابەت باشتر بووە. زوتر چارەسەر بۆ کێشەکان کراوە. بۆیە نێوانی ئەو دوو حزبە باش بێت، سەدقات باشترە لەوەی شیرو تیر لە یەک بسون. باشترە لەوەی نەزانین کێ خەتابار بکەین.
ئێستا نزیکبونەوەیەک هەیە لە نێوان ئەو دوو حزبەدا، حەق نییە رێگر بین. گەر دژی هەردووکیانی، لە هەڵبژاردندا، دەنگ بە نەیارەکانیان بدەن. بەڵام ئێستا ئەم دووانە کۆک بن و پێکەوە بەرپرسیارێتی حکومەتی نوێ (کابینەی دە) بگرنە ئەستۆ، ئەوا هیچ نەبێ دەتوانین بەرامبەریان یەک بگرین و فشاریان لەسەر دروست بکەین، بۆ ئەوەی چارەسەری قەیران و کێشەکان بکەن، بە تایبەت چارەسەری موچە. ماوەی رابردوو کە نێوانیان گرژ بوو، رەخنەت لە لایەکیان بگرتبا، بە پیاوی لاکەی تر، تۆمەتبار دەکرای. هیچ نەبێ ئەمانە پێکەوەبن، دەتوانرێ بەرپرسیارێتییان بخرێتە ئەستۆ.
من کە رەخنەم لە کاک بافڵ و لە کاک قوبادیش هەیەو دەشبێ. بەڵام دوێنێ بە قسەکانیان دڵخۆش بووم. ئەسڵەن دەبوو زوتر لێک نزیکتر بوبونایەتەوە. پارتیش دەبێ زیاتر موفاتەحەی گۆڕانی هەڵوێستی سەرۆکی یەکێتی و براکەی بکات.
لە بافڵ تاڵەبانی گەڕێن، هەڵمەتی مێدیایی لەسەر دروست مەکەن و بەشێک مەبن لە کاریگەری سلبی و مەبنە بەشێک لە تەفرەقەی ناوخۆیی. ئەسڵەن پێویستە بافڵ تاڵەبانی پەلکێشی نەرم و نیانی و ئاشتەوایی بکەن، وابکەن لەو ژینگە سەربازییە دورکەوێتەوە. هەوێن بن بۆ ئاشتەوایی نێوان سەرجەم حزبەکان. مێدیاکان دەتوانن، ئاشوب دروست بکەن و دەشتوانن ئاشتی و سەقامگیری بونیاد بنێن. با فشارەکان نەبنە هۆی لێکترازان. بەڵکو فشار بکەن، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ سەرۆکی بەرەی گەل ئاشتەوایی دروستکەن. کورد دەڵێ ئەگەر گوڵ نیت دڕکیش مەبە.
هیوادارم، یەکێتی و پارتی هەرچی زووە رێکبکەون و پێکەوەش سەردانی سەرجەم حزبەکان بکەن و دەست لەناو دەست کێشەی موچەو زۆر کێشەی تر چارەسەر بکەن. بە ڕیشی کێ رەوایە لەم سەرمای ژێر سفرە، مامۆستا لەسەر شەقام داوای مافی خۆی بکات. ویژدانی کامەتان ئاسودەیە کە خوێندکار چارەنوسی خوێندنی لە مەترسیدایە.
گەردنی ئەوانەش ئازادبێ، کە لەسەر ئەم تێڕوانینەم رەخنەم لێ دەگرن.