ئەمڕۆ ئەڵمانیا دەنگ دەدات، ڕەنگە چارەنوسسازترین دەنگدان بێت دوای جەنگی جیهانی دووەم. دوو پرس بانگەشەی زۆری بۆ دەکرێت پەنابەر لە گەڵ شەری ئۆکرانیا. لە ناوەوە پرسی پەنابەر زاڵە، هەرچەندە ئەڵمانیا پرسی قورسی ئابوری هەیە، لە کاتێکدا نزیکە ٣٠ ملیون ئەڵمان هەژارن.
پرسی پەنابەر بە هۆی هەڵکشانی شینەکان یان نازییە نوێکانەوەیە. هەڵکشانی نازییە نوێکان لە پڕ نیە بەڵکو لە پرۆسەیەکی چەندین ساڵەدایە کە ڕەنگدانەوەی ئابوری و کەلتور و دۆخی سیاسی ئەڵمانیایە. جەماوەری نازییە نوێکان بە زۆری لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتەوە دێت، کە سەرباری خەرجکردنی زۆرترین پارە هێشتا جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هەیە.
لە ئوتێلە بچکۆلەکەی خەسوم لە ئەلپ، ساڵانە میوانی زۆری ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتمان بۆ دێن، بە تایبەتی خەڵکی درێسدن. کاتێک بەراوردیان دەکەی لە گەڵ خەڵکی میونخ، نەک تەنها لە داهات و جۆری ئۆتۆمبیل بەڵکو لە هەموو شتێکدا جیاوازن.
کە دێتە سەر پرسی دەرەوە پەیوەندی ئەڵمانیا بە مۆسکۆوە دیاردەیەکی تایبەتە لە سیاسەتی ئەڵمانیادا. هەندێک ئەنجیلا میرکڵ تاوانبار دەکەن بەوەی ئەڵمانیای پابەستکرد بە وزەی ڕوسیاوە. میرکڵ ئافرەتێکی ڕوسیزان بوو، هەروەها پوتین ئەڵمانیزانە، چونکە لە درێسدن لە دەزگای سیخوری سۆڤیەت ئێشی ئەوەبوو داهێنانی ئەڵمانی بدزێت، بۆیە پەیوەندییان باش بوو. هەرچەندە جارێک پوتین سەگەکەی دەهەنێت بۆ نزیک میرکڵ وەک سوکایەتی پێکردن، لە کاتێکدا دەیزانی کە میرکڵ لە سەگ دەترسا. ئەو جۆرە مامەڵەیەی کە ترەمپ لە گەڵ شا عەبدوڵا کردی.
بەڵام کە شەڕ ڕویدا ئەڵمانیا کەوتە ژێر فشارەوە کە خۆی شیرەبرە بکات لە غاز و نەوتی روسی، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی هەموو شتێک گران بوو، لە ئەنجامدا ئەڵمانیا نزیکەی ٣٠٠ بلیون زیانی بازرگانی بەرکەوت، جگە لە هەڵاوسان.
شایانی باسە جگە لە سەوزەکان، هەموو پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا پەیوەندی ڕوسییان هەیە. چەپ و ڕاستی ئەڵمانیا دژ بە ئۆکرانیان. هەرچەندە ترەمپییەکان پشتیوانی نازییە نوێکانن نەک لە بەر خۆشەویستیان بۆ هیتلەر، بەڵکو بە مەبەستی لاوازکردنی ئەوروپا و هەڵوەشانەوەی یەکێتی ئەوروپا.
نزیکی زۆربەی پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا لە گەڵ ڕوسیادا وەهایکردوە کە نەرەتیڤی مۆسکۆ زاڵترین بانگەشەیە لەم هەڵبژاردنەدا. ڕوسەکان پشتیوانی نازییە نوێکانن، نەک تەنها لەبەر ئەوەی دۆستیانن، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەڵمانیا سەر لە بەر هەڵوەشێنن.
ئایا چی دەبێت؟
کەس زۆرینە ناباتەوە. بۆیە حکومەتی هاوپەیمانی دروست دەبێت. ئەم حکومەتەی ئێستا کە هاوپەیمانییە، زۆر وێران بوو، تەنانەت وەزیر هەبوو قسەی لە گەڵ وەزیری تردا نەدەکرد. ئەمە بۆ نمونە کاتێک کریستین لامبریشت ١٠٠ بلیونی وەرگرت لە پاش شەڕی ئۆکرانیا بۆ بوژزنەوەی پیشەسازی سەربازی و سوپا، ئامادە نەبوو قسە لە گەڵ بەرپرسی پیشەسازی سەربازیدا بکات، چونکە پاشخانی دژە شەڕی هەبوو.
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی ئاشتی لە سیاسەتی ئەڵمانیدا کە لە ژێر سێبەری قورسی نازییە کۆنەکاندا گەشەی کرد. ئەڵمان لە ڕێگای بازرگانی و هاوکارییەوە هەوڵیان دەدا سیاسەتی دەرەوە بکەن. ئەمە بە پشتیوانی ئەمریکا بوو. ئێستا کە ئەمریکا پشتی ڕوووت کردوون، نازانن چۆن ببنەوە بە گەلێکی شەڕ کەر. ئەمە دەبێتە کرۆکی حوکمداریی لە داهاتوودا.
ئەڵمانیا دەبێت کاتژمەری کارکردن زیاد بکات.
هاوکاری سۆشیال کەم بکاتەوە
پیشەسازی چەک پەرە پێبدات
خزمەتی سەربازی بکات بە نیوە. بۆ نمونە ساڵانە ٨٠٠ هەزار کەس کاتی خزمەتی سەربازییانە، تەنها چەند هەزارێک دەچن بۆ سەربازیی. بۆیە دەیانەوێت بیکەن بە ٤٠٠ هەزار.
خزمەتی سەربازی دەبێتە ڕێگە خۆشکردن بۆ دەست گەیشتن بە دەرفەتی تر.
لە سەروی هەمویەوە ئەڵمانیا پێویستی بە شۆڕشە لە بواری تەکنەلۆجیادا، بروا دەکەی هێشتا لە ئەڵمانیا فاکس بەکار دەهێنن.
ئەڵمانیا دڵی ئەوروپایە. بەبێ ئەڵمانیا ئەوروپا نابێت. بەبێ ئەوروپا دونیا تەواو جیاواز دەبێت.