وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتیک بە بیرۆکە و چەمکگەلی وەک دیمۆکراسی، مافی مرۆڤ، ئابووری مۆدێرن، کردنەوەی زانکۆ، رێخستنی کۆمپانیا فرە رەگەزەکان و،،،تاد دەستێوەردانی وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا دەکەن لە حاڵێکدا وڵاتانی تورکیا،عەرەبستان، ئێران، قەتەر بە دیاری و خەڵاتی رادیکاڵیزمی ئیسلامی و تیرۆر و ئاژاوەنانەوە دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و هاومەزهەبی خۆیان دەکەن. لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا دەستێوەردانی وڵاتێک لە وڵاتێکی دیکەدا جەنجاڵی لێ دەکەوێتەوە و لە دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە هەتا ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار دەکرێتەوە بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتانی ئیسلامییدا بە ئاشکرا و لە ئاستی بەربڵاودا کە هەموو دنیا ئاگاداری دۆخەکەن، دەستێوەردان دەکرێت و لە حاڵێکدا هیچ لێپرسینەوە و سەرزەنشتێک لە ئارادا نیە.
زلهێزانی ناوچەکە بە دەستێوەردان و درووستکردنی دەستە و گروپی بریکار و میلیشیایی لە پێش چاوی بیرورای گشتی جیهانییدا رۆژانە هەزاران کاولکاری و کوشت و کوشتار دەکەن بەڵام هیچ لایەن و دادگەیەک پرسی دەستێوەردانەکان سیاسی و حقووقی و رۆژەڤ ناکاتەوە و بە ئاسانی بە لایدا تێدەپەرێن.
دیارە هۆکارەکانی ئەو بابەتە روون ئاشکرایە. روانگەی وڵاتانی رۆژئاوایی و هەموو زلهێزەکان سەبارەت بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست
جیاواز و تایبەتە کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێدەکرێ.
ئاین: لە روانگەی غەیرە ئیسلامەکانەوە ئاینی ئیسلام بە هۆکارگەلی وەک ئاوەڵا بوونی درگای فتوا و هەبوونی رۆحیاتی جیهاد و شەرکردنەوە ئاینێکی توندئاژۆ و مەترسیدارە و بۆ ئاسایشی جیهانی کێشە خولقێنە.
وزە و ئینرژی: وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دابینکەری 65% وزەی وڵاتانی جیهانە. ئەگەر وڵاتانی خاوەن نەوت لە چوارچێوەی رێخراوی ئۆپێکدا و بە دوور لە هەر جۆرە ناکۆکی و قاچاخکردنێکی وزە، نەوت و گاز هەناردەی دەرەوە بکەن ئەوا نرخی وزە لە چاو ئیستە بەرزتر دەبێت و هەروەها لە چوارچێوەی یاسادا و بە پێی پێویست وزە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
لە حاڵی ئیستەدا کە ئاگری شەر و ناکۆکییەکی درێژمەودا رۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتۆتەوە هیچ یاسایەکی گشتی کە چاوەدێری و کونترۆڵی هەناردە و نرخەکان بکات لە ئارادا نیە و لە ئاکامدا ئەو بارودۆخە لە بەرژەوەندی کریارانی نەوت دایە.
ئەو دوو هۆکارەی سەرەوە بۆ زلهێزەکان گرنگ و هەستیارە هەر بۆیە ئەگەر داهاتێکی زۆری وزە پشتی ئیسلامی سیاسی بگرێت مەترسییەکان لە کونتۆڵ دەرئەچن هەر بۆیە هەڵگیرسانی شەری مەزهەبی و ئیتنیکی دەبێتە هۆی ئەوە کە ئایدۆلۆژیای ئاین بە هۆی شەرەوە خۆی بخواتەوە و نەتوانێ پەلوپۆ بۆ دەرەوەی ئەو جوغرافیا ئیسلامییە بهاوێژێ. ئەگەر وڵاتانی زلهێزی ئیسلامی بە دەستێوەردان و ئاژاوەگێری لە وڵاتانی بچووکی ئیسلامییدا مانۆری هێز دەدەن بەڵام لە داهاتوودا پێی ئەوانیش دەبێت بە داو و تەڵەیەکی گەورەترەوە و لە بژاردەی شەر دەربازیان نابێت.
چرا سەوزی زلهێزە جیهانییەکان سەبارەت بە تورکیا، ئێران، عەرەبستان، قەتەر و ،،، کە لە بوارەکانی ماڵی و مرۆییدا یارمەتییدەری شەر و ئاژاوەنانەکان بوون پاش تەواو بوونی شەری بریکار و میلیشیاکان قۆناخی رووبەروو بوونەوەی زلهێزە ئیسلامییەکان دێتە ئاراوە. سێ بەرە لە داهاتوودا رووبەرووی یەکتر دەبنەوە کە بریتین لە
ــ سەلەفیەت بە رێبەری عەرەبستان و بەرەی سونە لە وڵاتانی ئەفغانستان، پاکستان و،،،
ــ ئیخوانیزم بە پێشەنگایەتی تورکیا و وڵاتانی میسر، قەتەر و،،،
بەرەی شێعە بە رێبەرایەتی ئێران و هەموو رەوت و گروپەکان لە ناوچەکەدا.