پەیوەندیەیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەربەست و ئالانگاری زۆری لەبەردەم دروستکراوە، بەهۆی سروشتی پەیوەندییەکە و هەڵوێستی جەمسەرگیری بڕیاربەدەستانی بەغدا، تا ئێستا هەردوولا نەیانتوانیوە ناکۆکیەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام سەردانی ئەمجارەی بەڕێز سەرۆکی هەرێم لە دەستپێکی ساڵێکی نوێدا سەردانێکی زۆر گرنگ، دەتوانین لە دوو ئاستدا شرۆڤەی بۆ بکەین:
ئاستی یەکەم: لەڕووی ناوەخۆییەوە،
پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندێکی دانەبڕاوە بەهۆی ئەم پرسگەلانەی کە بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە.
هەروەک دەزانین لە ساڵی ڕابردوودا کوردستان بە قەیرانێکی دارایی و ئابووری و سیاسیدا تێپەریوە، ئەویش بەهۆی لادانی دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەرسێ پرنسیپی دەستوری کە بریتین لە (هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان) هەروەها لادان لە بنەمای فیدراڵیزم بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و سامان و داهاتی عێراق.
بۆیە لە ڕووی ناوەخۆوە گرنگە پێداچوونەوە بە پرنسیپەکانی هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان بکرێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێڕاقی فیدڕاڵ.
دیارە کرۆکی ئەجیندای سەرەکی ئەم سەردانەی بەرێز سەرۆکی هەرێم گەڕانەوەیە بۆ بنەما سەرەکیەکانی دەستوری عێڕاق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەم چوارچێوەیەشدا ڕۆڵی جەنابیان یەکلاکەرەوە بووە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ سەرجەم کێشەکان.
ئاستی دووەم: لە ڕووی ناوچەییەوە،
لە کاتێکدا بیر لە ڕووداوە گەورەکانی ساڵی ٢٠٢٤ دەکەینەوە، زۆر گرنگە بیر لەوە بکەینەوە کە ساڵی داهاتوو چی لە هەگبەی خۆیدا هەڵگرتووە بۆ عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاماژوکان پێماندەڵێن ساڵی تازە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵێکی پڕ لە گۆڕانکاری و ڕووداوی گەورە دەبێت لە ڕووی ئەمنی و جیۆپۆلەتیکی و پەرەسەندنی ململانێکان.
لەم نێوەندەدا کاریگەری گۆڕانکاریەکان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبن؟
چونکە کۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەریێکی زۆری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە گرنگە عێراق و هەرێم هاوسەنگی خۆیان بپارێزن و هەوڵێی خۆڕێکخستنەوە و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بدەن.
لەم چوارچێوەیەدا کارەکتەری سیاسی و دیپلۆماسی بەڕێز سەرۆکی هەرێم کاریگەری زۆری هەیە لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەوڵێر و بەغدا، هەروەها پاراستنی هەرێمی کورستان و عێراق لە پروشکی ئەو ئاگرەی کە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە.