دواین هەواڵ

وێناکردنی ئەم ڕاستییە

‌محەمەد فایەق

14 کاتژمێر پێش ئێستا

هاونیشتمانیان سەرقاڵ و دڵمەژغوڵی پرسی مووچەن و چاویان لە پشکی کوردە لە بودجەی ٢٠٢٥دا، ڕەنگە گەرمترین پرسی شەقامی کوردی چارەنووسی قووت و مووچەکەیان بێت لە ئایندەدا! ئەمە باکگراوندی تەڵخی وێنەکەیە، بەڵام بەشی پێشەوەی وێنەکە ڕوونە و شتێکی دیکە دەڵێت: سەرۆکی هەرێم بەم دۆسیە گرنگەوە لە بەغدایە و قسەی جدیی خستە سەر مێزی گفتوگۆکانی حکوومەتی فیدراڵ: داوای کردووە پرسی مووچەی مووچەخۆران لە ناکۆکییە سیاسییەکان جوێبکرێتەوە و گرفتە تەکنیکییەکانیش چارەسەر بکرێن! ئەم پێشنیارانەی سەرۆکی هەرێم تەنها قسە نابن، ئاخر بە دەگمەن دانوستانێک دەدۆزیتەوە بێ بەرهەمی گەورە لێی هاتبێتە دەرەوە. 

- بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا، بەدەر لەوەی لە ئاستی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە؛ دەرخەری پێگەی بڕیاسازی نێچیرڤان بارزانییە لە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست(پەیوەست بە عێراقەوە)، فەزای سیاسیی عێراقی دۆسیەی سووریا و گرژییەکانی دیکە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن، چاوەڕوانیشیان لێی هەیە و ئەو ئومێدەیش زۆر لەجێی خۆیەتی، ئاخر پێشنیار و دەستپێشخەرییەکانی وی ستانداردێکی جیهانییان هەیە و لە ئێستایشدا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا ڕەزامەندییان لەسەر ئەم فۆرمەی سیاسەت هەیە و زەمینەسازیشی بۆ دەکەن. بۆیە قۆناغی داهاتوو قۆناغی جێ پەنجەی نێچیرڤان بارزانییە لەسەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی داهاتووی عێراق و ناوچەکە بە ئاستێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەردا. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دوای سەردان و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، ترسەکان لەسەر ئارامی و ئاسایشی عێراق یان کاڵتر ببنەوە یاخود نەمێنن، ئەمەیش هۆکارێکی گرنگە لە پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدادا، یان وردتر بڵێین؛ پەیوەندییەکانی نێوان وێنە و چوارچێوەکە!

لەکۆتاییدا، عێراق و هەرێمی کوردستان تەواوکەری یەکترن و وەک بەش و گشت بێ یەکتر ناتوانن ئیشی خۆیان بکەن، بەڵام بەتەنها وێناکردنی ئەم ڕاستییە بەس نییە و پێویستە وێناکە لە وێنەیەکدا بەرجەستە بکرێت و لە شوێنێکی گونجاودا هەڵبواسرێت. دەستوور و فراوانکردنی پانتاییەکانی گفتوگۆ، ئەو دوو جەوهەرەن کە هەمیشە لە کارنامەی سیاسیی نێچیرڤان بارزانیدا ئەولەویەتیان هەیە، هەر بەم دوو کلیلەیشەوە چووە بەغدا. دەمێکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان زەمینەسازی بۆ بەهێزکردنی ئەو دیوارە دەکات کە  وێنەکە و چوارچێوەکە هەڵدەواسێت و پێکەوە کۆیان دەکاتەوە. ئەوەی بەم نەفەسەوە لەگەڵی بچێتە گفتوگۆوە، هەم دەبێتە بەشێک لە چارەسەر، هەم بەشدار لە بنیاتنانی ئارامی و خۆشگوزەرانیی داهاتوودا. دوێنێ و پێرێ نزیکەی شازدە کۆبوونەوەی لە بەغدا ئەنجامدان، هەمووانیش بە دڵخۆشییەوە لەگەڵی هاتنەدەر،  ڕەنگە قسەکردن لەسەر دەرئەنجامی دیالۆگەکان لە دۆخێکدا کە هێشتا ڕۆژێکیان بەسەردا تێنەپەڕیوە، بڕیارێکی دروست نەبێت؛ بەڵام متمانەبوون بە کاراکتەری سیاسیی سەرۆکی هەرێم بنەما و ڕیشەی هەیە و لەخۆوە نایەت. سەرەڕای ئەوەیش سەرجەم کارتەکانی دەستی نێچیرڤان بارزانی کارتی بەهێز و چارەنووسسازن، بۆیە چاوەڕوانییەکی پڕ ئومێد دەرگەی خوێندنەوەی دیکەمان بەسەردا دەکاتەوە...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP