هەرێم نیوز
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی وەزیر و فەرماندە ئەمنییەکانی کردووە، بە مەبەستی بەدواداچوونی پێشهاتەکان و گرتنەدەستی بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە ناحیەی جورف نەسر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە ئەمنییەکانی ناحیەی جورف نەسر خراونەتە ڕوو، هاوکات گفتوگۆ کراوە لەسەر ئامادەکاری و ڕێکارە بەردەوامەکان بۆ جێگۆڕکێپێکردنی یەکە سەربازییەکان لە چوارچێوەی کەرتەکانی بەرپرسیارێتیدا، بە جۆرێک کە سەقامگیریی دۆخی ئەمنی بەدی بهێنێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی بوونی بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی و مامەڵەکردنی پیشەییانە، هەروەها داوای کارکردنی کردووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و پابەندبوونی تەواو بە ڕێنمایی و فەرمانە سەربازییەکان، تاوەکو زامنی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکرێت.