دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵەکانی بۆری نەوتی عێراق لەسەر دۆسیەی جورف نەسر دەستگیر کرا

هەرێم نیوز

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، عەلی عەبدولکەریم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵەکانی بۆری نەوتی عێراق لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جورف نەسر دەستگیر کرا، هاوکات گرژییە ئەمنی و سیاسییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و کەتایبی حزبوڵڵا لەو ناوچەیە گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کرد کە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵەکانی بۆری نەوت لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی بەردەم دادگا بووە سەبارەت بە بوونی پرۆسەی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف نەسر.

 ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ئەم ناوچەیە لە باکووری پارێزگای بابل بووەتە سەرچاوەی قەیرانێکی قووڵ، دوای ئەوەی ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە کەتایبی حزبوڵڵا بۆری نەوتی لەو ناوچەیە کون کردووە و نەوت بە قاچاخ دەبات.

لە پەرەسەندنێکی نوێدا، ئاڵۆزییەکانی نێوان عەلی زەیدی،، سەرۆک وەزیرانی عێراق و کەتایبی حزبوڵڵا گەیشتووەتە ئاستی ئامادەکاریی سەربازی. 

سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و کاتژمێر 6ـی بەیانیی سبەی هەینیی وەک دوا وادە دیاری کرد تاوەکو کەتایبی حزبوڵڵا ناوچەکە چۆڵ بکات و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی بکات.

لە بەرامبەردا، کەتایبی حزبوڵڵا تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر چۆڵکردن یان نەکردنی جورف نەسر نەداوە، بەڵام ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەبارەی دۆسیەی جورف نەسرەوە کۆبوونەوەیەکی باشیان لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجام داوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP