هەرێم نیوز
⠀
کۆمپانیای دانە غاز ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر وێستگەی کۆرمۆر کەوتووە لە ئێستادا ناتوانرێت هیچ بڕە غازێک بەرهەم بهێندرێت و داواش لە میدیاکان دەکات خۆیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست بەدوور بگرن.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی 11ـی 2026، وتەبێژی کۆمپانیای دانە غاز لە میانی ڕاگەیەندراوێکدا وتی وەک پێشتریش لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراوە زیانێکی گەورە بەر وێستگەکە کەوتووە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز بەتەواوی وەستاوە.
⠀
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە ژمارەیەک لە میدیا ناوخۆییەکان بەبێ بوونی زانیاریی دروست لێدوانی نادروست سەبارەت بە دۆخی وێستگەکە دەدەن و داواشی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد خۆیان لە ڕووماڵکردنی نابەرپرسانە و پێشبینی و لێکدانەوەی بێبنەما بەدوور بگرن.
⠀