هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند کە لە قەزای عەنکاوە هەستابوون بە تەقەکردن و تێکدانی ئارامی، هاوکات دەست بەسەر چەک و ئۆتۆمبێلەکەشیاندا گیراوە.
وردەکاریی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان
ئەمڕۆ شەممە، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوابەدوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، هێزەکانیان توانیویانە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (أ، ب، أ) و (ع، ج، أ) دەستگیر بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو دوو تۆمەتبارە لە قەزای «عەنکاوە»ی شاری هەولێر هەستابوون بە تەقەکردن و دروستکردنی پشێوی.
گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر چەک و ئۆتۆمبێلەکەیاندا گیراوە و لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر.