هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هیچ پەلەیەکی نییە لە دەرکردنی بڕیار سەبارەت بە ئێران و چاوەڕێی سەرەتای ساڵی نوێ دەکەن، هاوکات هۆشداریی توندی دا کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی تاران بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی، بە تەواوی لەناو دەبرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 12ـی عیبری ئاماژەی بەوە دا کە سەبارەت بە دۆسیەی ئێران پەلە ناکەن و لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەبینن چی ڕوودەدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر ئاماژە هەواڵگرییەکان باسیان لەوە کردبوو تاران تاوتوێی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرش.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی فۆکس نیوزدا سەبارەت بە نیگەرانیی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ناوخۆی وڵاتەکەیان، ئەو ئەگەرەی بە دوور زانی و جەختی کردەوە کە لە حاڵەتی ڕوودانیدا وەڵام دەدرێنەوە و بە تەواوی لەناو دەبرێن.
هاوکات ترەمپ مەرجی خۆی بۆ هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنێکی دەوێت بەردەوام و شایستەی درێژەپێدان بێت، بە جۆرێک تەنانەت ئەگەر لە داهاتوودا سەرۆکێکی لاوازیش دەستبەکار بێت، ڕێککەوتنەکە دەسەڵاتەکانی سەرۆک تێپەڕێنێت و بە کارایی بمێنێتەوە.
ئەم لێدوانانە لە سایەی بەردەوامیی گرژییە سەربازی و سیاسییەکانی نێوان واشنتن و تاران دێت سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.