دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

پووتین: پێشنیازی ئەمریکامان بۆ چارەسەری ئۆکرانیا قبووڵ کردووە

هەرێم نیوز
⠀
ڤلادیمیر پووتین ڕایدەگەیەنێت، مۆسکۆ پێشنیازی واشنتنی بۆ چارەسەرکردنی جەنگی ئۆکرانیا قبووڵ کردووە و دەخوازن کۆبوونەوە سێقۆڵییەکان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەمریکا و چین بەردەوام بن.
⠀

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی 11ـی 2026، ڤلادیمیر پووتین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ ڕاشکاوانە و زۆر بەسوود بوون و تێیدا باس لە چاکسازیی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرسی ئەمنی و نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی و ئازادیی کەشتیوانی کراوە.
⠀
پووتین ئاماژەی بەوەش کردووە، دڵنیایە کە دۆناڵد ترەمپ پابەندە بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا و چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرانیا و ئاسایشی نێودەوڵەتیش تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە ڕووسیا و چین و ئەمریکا دەبەستێت.
⠀
سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا پووتین وتی، واشنتن پێشنیازی چارەسەری کردووە و ئەوانیش ڕازی بوون، بەڵام مەسەلەکە لەوەدایە کە کیێڤ و ئەوروپا تا چەند ئامادەن ئەو چارەسەرانە قبووڵ بکەن.
⠀
هاوکات ڕوونیکردووەتەوە، ئۆکرانیا و ئەوروپا هێشتا ئامادە نین لەپێناو چارەسەری ململانێکەدا سازش بکەن و کیێڤ هیچ هاندەرێکی نییە بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست چونکە پارەدارکردنەکەی لەدەست دەدات.
⠀
جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی پشتیوانی لە کیێڤ دەکەن لایەنی ململانێکەن و ڕووسیاش ئامادەیە بە شێوەیەکی کردەیی تاوتوێی داواکارییەکانی خۆی سەبارەت بە ئاسایشی ئەوروپا بکات.
⠀
ئەم لێدوانانەی ڤلادیمیر پووتین دوای ئەوە دێن کە هەر ئەمڕۆ لە شاری شێنجێنی چین لووتکەیەکی سێقۆڵی لە نێوان سەرکردەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و چین بەڕێوەچوو و لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیشدا جەختیان لە سەقامگیریی وزە و ڕێگریکردن لە جەنگی ئەتۆمی کردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP