هەرێم نیوز
⠀
دۆناڵد ترەمپ لە دیداریدا لەگەڵ شی جینپینگ جەختی لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هاوهەڵوێستی لەسەر گەرووی هورمز و ڕێگریکردن لە چەکی ئەتۆمیی ئێران کردەوە و ئامادەکاریش بۆ لووتکە سێقۆڵییەکە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین دەکەن.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی 11ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ شی جینپینگ ڕایگەیاند، لە یەکەم سەردانییەوە بۆ چین لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە پەیوەندییەکی کەسیی نایابیان دروست کردووە و پێکەوە لە بواری بازرگانی و ئاشتیی جیهانیدا پێشەنگایەتییان کردووە.
⠀
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا دەستەی بازرگانییان دامەزراندووە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ٣٠ بەرامبەر ٣٠ـدا هەر لایەک ڕازی بووە باجی گومرگی لەسەر ٣٠ ملیار دۆلار لە بازرگانی کەم بکاتەوە.
⠀
هەروەها داوای لە چین کرد کاری زیاتر بۆ جووتیارانی ئەمریکا بکات و ئاشکرای کرد کە شەوی ڕابردووش بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ شی جینپینگ کۆبووەتەوە و باسیان لە زۆربەی ئەو پرسانە کردووە.
⠀
سەبارەت بە پرسە نێودەوڵەتییەکان دۆناڵد ترەمپ وتی، هەردوو وڵات هاوڕان لەسەر تێپەڕبوونی وزە بە گەرووی هورمزدا و ڕێگریکردن لە هەبوونی چەکی ئەتۆمیی ئێران و گواستنەوەی دەریایی فێنتانیڵیش بە ڕێژەی ٩٧% دابەزیوە.
⠀
لەبارەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە ڕایگەیاند، هەردوولا بەدوای ڕێگەچارەدا دەگەڕێن چونکە مانگانە ٢٥ هەزار کەس دەکوژرێن و کەمێکی دیکەش ڤلادیمیر پووتین دەگاتە شوێنەکە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە.
⠀
لە کۆتایی قسەکانیدا ترەمپ سوپاسی شی جینپینگی کرد و وتی تاوەکو ئەوان بەرپرسی کارەکان بن هەرگیز تووشی کێشە نابن.
⠀
ئەم کۆبوونەوەیەش دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین لە شاری شێنجێن کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیی ٤٠ خولەکییان ئەنجامدا و کرێملنیش ڕایگەیاند لووتکە سێقۆڵییەکەی ئەمڕۆ لە کاتژمێرێک زیاتر ناخایەنێت.