دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گوتەبێژی یەکێتیی زانایان: یاریی جیتی ئەی 6 حەرامە و داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێگریی لێ بکەن

هەرێم نیوز

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند کە یاریی ئەلیکترۆنیی جیتی ئەی 6 (GTA 6) بەپێی شەریعەتی ئیسلام حەرامە و دروست نییە، هاوکات داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە زووترین کات ڕێگریی لێ بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوە دا کە بەپێی ئەو زانیارییانەی باس کراون، ئەم یارییە هاندان بۆ توندوتیژی، سەرەڕۆیی، ماددەی هۆشبەر و بەدڕەوشتی تێدایە کە زیان بە ماڵ، خێزان و گەنجان دەگەیەنێت، بۆیە بەپێی شەریعەتی ئیسلام حەرامە و مامەڵەکردن پێی و پارەکەشی حەرام دەبێت.

ناوبراو پشتی بە بنەمای شەرعیی ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە خۆت و دەوروبەرت بەست، و جەختی کردەوە کە یەکێتیی زانایان بەردەوام کۆمەڵگەی لە مەترسیی گەمە و یارییە ئەلیکترۆنییە نادروستەکان هۆشیار کردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شێرکاوەیی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێگە لەو جۆرە ماڵپەڕ، ئەپڵیکەیشن و یارییانە بگرن کە چوارچێوەی خێزان و ئاسایشی کۆمەڵگە دەشێوێنن، هاوکات داواشی لە دایک و باوکان کرد ڕێگە نەدەن ڕۆڵەکانیان ئەو جۆرە یارییە نەشیاوانە بەکار بهێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP