هەرێم نیوز
پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەری ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام ڕایگەیاند کە عێراق بۆ جاری دووەم لەمساڵدا ئەپڵیکەیشنەکەی قەدەغە کردووە، هاوکات سەپاندنی هەر جۆرە چاودێرییەکی بەسەر ئازادیی ڕادەربڕینی سیاسیدا ڕەت کردەوە.
دوێنێ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، پاڤێل دورۆڤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی کە زۆر بەداخە بۆ گەلی عێراق، بەهۆی ئەوەی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام بۆ جاری دووەم لەمساڵدا ڕادەگیرێت، و دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک چاودێری ناسەپێننە سەر ئازادیی ڕادەربڕینی سیاسی.
ئەم پەیامەی دورۆڤ لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق لەسەر ڕاسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داخستنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامی دا.
دەستەکە ڕوونی کردبووەوە کە کۆمپانیای بەڕێوەبەری تێلێگرام ڕێکاری پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ناوەڕۆکە نایاساییەکانی سەر پلاتفۆرمەکە نەگرتووەتە بەر و پابەندی یاساکانی عێراق نەبووە، هەر بۆیە ماوەی 30 ڕۆژی پێ دراوە تاوەکو دۆخی یاسایی خۆی ڕێک بخاتەوە.
ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام کە لە ساڵی 2013 لەلایەن پاڤێل دورۆڤ و نیکۆلای برایەوە دامەزراوە و ژمارەی بەکارهێنەرانی مانگانەی یەک ملیار کەسی تێپەڕاندووە، سەرەڕای ناساندنی وەک سەکۆیەک بۆ ئازادیی ڕادەربڕین، بەردەوام لەلایەن حکوومەتەکانەوە تۆمەتی ئەوەی دەدرێتە پاڵ کە بەهۆی کەمیی چاودێرییەوە بووەتە پەناگەیەک بۆ دزەپێکردنی داتای کەسی و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی.