هەرێم نیوز
عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند،، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەندامانی وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، حەشدی شەعبی و پێشمەرگەدا نییە و لە کاتی هەر هەڕەشەیەکدا بۆ سەر عێراق، هەموویان لە یەک ڕیزدا کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاکسازیی کەرتی ئەمنیدا ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم ئەو هێزانە یەک ئامانج و ئەرکیان هەیە کە ئەویش پاراستنی عێراق و هاووڵاتییانیەتی.
هاوکات زەیدی لە وتەکانیدا جەختی لە پەیوەندیی نێوان ئاسایش و بنیاتنانی دەوڵەت کردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر ئارامی و ئاسایش نەبێت، ئەوا ئابووری، دەوڵەت، خۆشگوزەرانی و سەقامگیریش بوونی نابێت، هەروەها داوای لە هێزە چەکدارەکان کرد کە وەک سەرباز ناسنامەی نیشتمانی دروست بکەن چونکە بە وتەی ئەو عێراق بە یەکگرتوویی ئەوان دەپارێزرێت.