هەرێم نیوز
عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دا هێزی ئەمنیی ناوچەی جورف لنەسر بگۆڕێت و دۆسیەی زیادەڕۆییەکانی سەر هێڵی گواستنەوەی نەوتیش ڕەوانەی دادگا بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، عەلی فالح زەیدی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاکسازیی کەرتی ئەمنی کردووە و تێیدا باس لە تەواوکردنی پرۆسەی گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانەی خوارەوە دەرکراون:
دۆسیەی ئەمنیی جورف لنەسر: پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەی جورف لنەسر دەگرێتە ئەستۆ،، هاوکات ئەو هێزەی ئێستا ناوچەکەی بەدەستەوەیە دەگۆڕدرێت بە هێزێکی دیکە کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاری دەکات.
ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران: سەرجەم ئەو لێکۆڵینەوانەی حکومەت سەبارەت بە زیادەڕۆییەکانی سەر هێڵی گواستنەوەی نەوت ئەنجامی داون،، ڕەوانەی دادگا دەکرێن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران.
هاوکات لیژنەکە جەختی لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی بە شێوەیەکی خولی کردەوە بۆ بەدواداچوونی قۆناغەکانی چاکسازی، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی بنەماکانی لێپرسینەوە و شەفافییەت.