هەرێم نیوز
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند کە دوای دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی جورف سەخر، بە زوویی ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان ئەو ناوچەیە بە ناحیەی عامرییەی فەلوجە، بەغداد و ئەنبار دەکرێنەوە و دانیشتووانەکەشی دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند کە بە فەرمانێکی دیوانی، بارەگایەکی کۆنتڕۆڵ پێک هێنراوە بە مەبەستی چاودێریکردن، کۆنتڕۆڵکردن و هەماهەنگی لە نێوان پێکهاتە ئەمنییە جیاوازەکانی ناوچەکەدا.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەش دا کە پلانی دابەشکردنی کەرتەکانی بەرپرسیارێتی بریتییە لە ئاراستەکردنی هێزەکانی سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی، لەگەڵ ڕاسپاردنی پۆلیسی وزە بۆ پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان و دانانی فەوجێکی جێگیر لە دەزگای دژەتیرۆر وەک هێزێکی یەدەگ.
هاوکات جەختی کردەوە کە ڕێنماییە حکوومییەکان ئامانجیان ئەوەیە سوود لە شوێنە ستراتیژییەکەی جورف سەخر و توانا کشتوکاڵی، پیشەسازی و نەوتییەکانی وەربگیرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانە کۆچپێکراوەکەی بۆ ناوچەکە.