دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی داوای ڕاگرتنی گۆڕانکاری لە گرێبەستی کارگەی کولتووریدا دەکات

هەرێم نیوز

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئێستای "کارگەی کولتووری" و واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێی ٤٩ ساڵە لەسەر موڵکی کارگەی جگەرەی جارانی سلێمانی دەربڕی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە بەپێی بەدواداچوونەکانیان دەرکەوتووە ماوەی چەند مانگێکە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، فشار دەخاتە سەر ڕێکخراوی (کولتوور و گەشەپێدانی بەردەوام) تاوەکو گرێبەستە ١٥ ساڵییەکەی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری هەڵبوەشێنێتەوە، و لە بری ئەوە بە شێوەی موساتەحە گرێبەستێکی ٤٩ ساڵە بە ناوی ڕێکخراوی (فاوەندیشن)ـەوە لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری واژۆ بکرێت.

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی باسی لەوەش کردووە، کە کارگەی کولتووری لەسەر ڕووبەری ٢٥ دۆنم زەوی زیاتر لە ٥٠ پرۆژە و چالاکیی هونەرمەندان و گەنجانی لەخۆگرتووە، هاوکات نیگەرانیی خۆیان نیشان داوە لە پێدانی موڵکێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ڕێکخراوێک کە کەسایەتیی حیزبی و حکومیی لە پشتە، و داوایان لە هاووڵاتیان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان کردووە کە دژی واژۆکردنی ئەو گرێبەستە ٤٩ ساڵییە بوەستنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP