دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەراز هێرشی کردە سەر هاووڵاتییەک و گیانی لەدەستدا

هەرێم نیوز

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، هاووڵاتییەک لە سنووری قەزای کەلار بەهۆی هێرشی بەرازەوە بە سەختی بریندار بووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، عەقیدی پۆلیس سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوییکردەوە، تەرمی هاووڵاتییەک بە ناوی (محەمەد عەلی شامراد) لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بە وتەی کەسوکارەکەی، ناوبراو لە گوندی سەید مستەفا لە لای مەڕوماڵات بووە و بەراز هێرشی کردووەتە سەری و بە سەختی برینداری کردووە، لە ئێستاشدا بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاری تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP