هەرێم نیوز
یەکێک لە تێگەیشتنە باوەکان لە ستراتیژیی جەنگدا ئەوەیە کە دەوڵەتی لاواز لە جەنگی درێژخایەندا پاشەکشە دەکات و لاوازتر دەبێت، بەڵام داتاو مێژووی جەنگەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ڕووی سەربازی و هەستی نیشتمانییەوە سیناریۆی پێچەوانەش بوونی هەیە.
بەپێی لێکدانەوەیەکی شیکاری، هەرچەندە دەوڵەتە لاوازەکان بەهۆی تێپەڕبوونی کاتی جەنگ لە ڕووی مرۆیی، ئابووری و ژێرخانەوە شەکەت دەبن، بەڵام لە هەندێک بواری وەک توانا سەربازییەکان، ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و بەرزبوونەوەی هەستی نیشتمانییەوە گۆڕانکاریی گەورە بەخۆیانەوە دەبینن؛
لێرەدا دەکرێت سێ نموونەی مێژوویی و هەنووکەیی لەبەرچاو بگیرێن:
جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران: عێراق لە سەرەتادا لە ڕووی قەبارە و ئابوورییەوە لایەنی لاواز بوو، بەڵام لە ڕێگەی بەسەربازکردنی کۆمەڵگە و تەرخانکردنی زۆرترین توانا بۆ جەنگ، لە ڕووی سەربازی و ژمارەی سوپاوە گەشەیەکی گەورەی کرد و بوو بە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین سوپاکانی جیهان.
جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا: سەرەڕای ئەوەی ئۆکرانیا لە سەرەتادا خاوەن سوپایەکی کلاسیکی و لاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی پێنج ساڵ لە جەنگ، عەقیدەی سەربازیی خۆی گۆڕی، بوو بە پێشەنگ لە بەرهەمهێنانی درۆن و پەرەپێدانی توانا هەواڵگرییەکان و بەهێزترین سوپای ئەوروپای لێ دروست بوو.
ئیسرائیل و جەنگە بەردەوامەکان: لە زۆربەی ململانێکانیدا لە ڕووی ڕووبەر و دانیشتووانەوە لایەنی بچووک بووە، بەڵام لەسەر بنەمای دەوڵەتێکی سەربازی و پشتیوانیی دەرەکی، لە پاش هەر جەنگێک دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی تۆکمەتر بوونەتەوە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری ئەم بەهێزبوونە دەگەڕێتەوە بۆ تەرخانکردنی زۆرینەی توانای ماوەی دەوڵەت بۆ کەرتی سەربازی، دروستبوونی دۆخی لەناکاو و گۆڕانی دەوڵەت بۆ نیمچە سوپا، هاوکات بەرزبوونەوەی هەستی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵگا لەبەردەم مەترسییەکاندا.
ئەم دۆخە ئەگەرچی زیانی گەورە بە ئابووری و ژێرخان دەگەیەنێت، بەڵام لە ڕووی پێکهاتەی دەوڵەت و توانا سەربازییەکانەوە هاوکێشەکان دەگۆڕێت و کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەبێت.