دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق: عەلی زەیدی بە هیچ شێوەیەک لە کۆنترۆڵکردنەوەی جرف ئەلسەخر پاشگەز نابێتەوە

هەرێم نیوز

ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی پێداگرە لەسەر کۆنترۆڵکردنەوە و چۆڵکردنی ناوچەی «جرف ئەلسەخر» ئەگەر قوربانی و زیانەکان هەر چەندێک بن، هاوکات هۆشداریی توندیشی دایە کەتایبی حزبوڵڵا کە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت نەبنەوە.

پێداگریی حکوومەتی عێراق لەسەر چۆڵکردنی جرف ئەلسەخر
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، عەبدولئەمیر تعێبان، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، عەلی زەیدی بە پشتیوانیی تەواوی حکوومەت و گەلی عێراق پێداگرە لەسەر دانانی سنوورێک بۆ ئەو پشێوییەی لە چەند ناوچەیەکدا تەشەنەی سەندووە، لە نێویاندا ناوچەی جرف ئەلسەخر کە یەکێکە لەو ناوچانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە.

ئاماژەی بەوەش دا، هێزە ئەمنییەکان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سوورن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری چۆڵکردنی جرف ئەلسەخر و هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لەو بڕیارەدا نییە، چونکە سەرۆکوەزیران دەیەوێت کۆتایی بە دۆسیەی بەهەدەردانی سامانی گشتی بهێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش بەلایەوە گرنگ نییە قوربانی و زیانەکانی ئەو هەنگاوە هەر چەندێک بن.

هۆشداریی توند بۆ کەتایبی حزبوڵڵا
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی توندی دایە کەتایبی حزبوڵڵای عێراقی کە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان نەبنەوە و جەختی کردەوە: "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، بە دەستدرێژیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تەواوی گەلی عێراق دادەنرێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP