هەرێم نیوز
لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان حکوومەتی عێراق و کەتایبی حزبوڵڵادا، شاندێکی ئێرانی گەیشتە بەغدا، هاوکات ماڵپەڕی «ئاکسیۆس» باس لە ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەکەی ئیسماعیل قائانی لە فڕۆکەخانەی نەجەف دەکات.
هەوڵەکانی تاران بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی جرف ئەلسەخر
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سەرچاوەکانی «ئەلعەرەبییە» و «ئەلحەدەس» ئاشکرایان کرد، شاندێکی ئێرانی گەیشتووەتە بەغدا بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە حکوومییەکان، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکان، تاوەکو ڕێگری لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان حکوومەتی عێراق و کەتایبی حزبوڵڵا لە ناوچەی «جرف ئەلسەخر» بکەن.
گەیشتنی ئەم شاندە ئێرانییە دوای ئەو گرژی و ناکۆکییە قووڵانە دێت کە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەخۆیەوە بینی، سەبارەت بە داهاتووی بوونی هێزە چەکدارەکان لە جرف ئەلسەخر و میکانیزمی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکان لەو ناوچەیەدا.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێشتا پێداگرە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە داوای کشانەوەی تەواوەتیی گرووپە چەکدارەکان لە جرف ئەلسەخر دەکات، بۆ ئەوەی بوار بۆ هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی دەوڵەت بڕەخسێنرێت بچنە ناوچەکە و بەرپرسیارێتیی دۆسیەی ئەمنیی تێدا بگرنە ئەستۆ.
دەنگۆی ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەکەی ئیسماعیل قائانی
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی «ئاکسیۆس»ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێگریی کردووە لە نیشتنەوەی فڕۆکەکەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە فڕۆکەخانەی نەجەف و تارانیشی ئاگادار کردووەتەوە کە ناوبراو کەسێکی نەخوازراوە، ئەویش دوای ئەوەی دەستوەردانی لە بەرژەوەندیی کەتایبی حزبوڵڵا کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی دیکە ئەو زانیارییانە ڕەت دەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێگری لە فڕۆکەکەی قائانی نەکراوە و ناوبراو هەر گەشتی بۆ عێراق نەکردووە.