دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوروپا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان؛ خۆراک و پێداویستیی سەرەتایی بۆ ماوەی ٣ تا ٧ ڕۆژ کۆگا بکەن

هەرێم نیوز

ژمارەیەک لە حکوومەتەکانی ئەورووپا، لە نێویاندا بەریتانیا، سوید و نەرویج، هۆشداریی بەپەلە دەدەنە هاووڵاتییانیان کە خۆراک، ئاو و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ماڵەکانیاندا کۆگا بکەن، تاوەکو بتوانن لە کاتی قەیرانە لەناکاوەکاندا بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر تا هەفتەیەک بەبێ هاوکاریی دەرەکی بژین.

کەمپەینی «خۆت ئامادە بکە» و کۆگاکردنی دانەوێڵە لە ئەورووپا
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی کەمپەینێکی نوێدا لە بەریتانیا بە ناوی «خۆت ئامادە بکە»، دان جارڤیس، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەوانەی توانای جێبەجێکردنی ئەم ڕێنمایییانەیان هەیە، پێویستە پەیڕەوی بکەن، وەک هەنگاوێک بۆ ئامادەباشی لە بەرامبەر قەیرانە لەناکاوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆڕاگریی هاووڵاتییانی وڵاتەکە لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکاندا.

هاوکات حکوومەتی نەرویج بە شێوەیەکی کرداری دەستی کردووە بە کۆگاکردنی دانەوێڵە و حکوومەتی سویدیش کار بۆ بونیادنانەوە و زیادکردنی یەدەگی خۆراک لە وڵاتەکەیدا دەکات. لە کاتێکدا وڵاتانی وەک هۆڵەندا، پۆڵەندا، لاتڤیا و لیتوانیا جەخت لە کۆکردنەوەی خۆراک و پێداویستییەکان بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر دەکەنەوە، هەردوو وڵاتی سوید و نەرویج داوا دەکەن هاووڵاتییانیان بۆ ماوەی یەک هەفتەی تەواو ئامادەباشییان هەبێت.

مەترسیی هێرشی ئەلیکترۆنی، تەشەنەسەندنی جەنگ و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان
چاودێران پێیان وایە ئامانجی سەرەکیی ئەم کەمپەینانە ئامادەکردنی خەڵکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی وەک کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و هەڕەشە و هێرشی وڵاتان.

لەم بارەیەوە، وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی "ڕووداوی تیرۆریستی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە" و جەختی کردەوە کە هەڕەشەکانی ڕووسیا یان وڵاتانی دیکە بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی سەرەکی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، مەترسییەکن لە ئێستادا بوونیان هەیە و خەیاڵی نین.

ئەو سیناریۆیانەی وڵاتانی ئەورووپا خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن بریتین لە لەکارکەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنی، تەشەنەسەندنی جەنگی ڕووسیا، یان کارەساتی سروشتی، کە ئەگەری هەیە ببنە هۆی بڕانی کارەبا و ئاوی خواردنەوە و پەککەوتنی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و سیستەمی پارەدانی دیجیتاڵی، کە ژیانی ڕۆژانە بە تەواوی دەوەستێنن.

پێداویستییە دیاریکراوەکان بۆ هەر تاکێک
بەگوێرەی ڕێنمایییە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە ئەورووپییانە، پێویستە هەر کەسێک لە ماڵەکەیدا ئەم پێداویستییانە بهێڵێتەوە:

• ٩ لیتر ئاوی خواردنەوە و خۆراکی وشک و لەقوتوونراو.
•دەرمانی پێویست و جانتای فریاگوزاریی سەرەتایی.
• لایت، ڕادیۆ و پاتریی زیادە.
•بڕێک پارەی کاش بۆ کاتی لەکارکەوتنی سیستەمە بانکییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP