هەرێم نیوز
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین، ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو وڵاتانەی بانگەشەی دروستکردنی سیستەمێکی نێودەوڵەتی دادپەروەر و دیموکراتیک دەکەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەکات، بەڵام ئامانجە کۆلۆنیالیستییەکانی هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوا هێشتا بەربەستن لەبەردەم ئەم ئامانجەدا.
پوتین لە پەیامێکدا بۆ بەشدارانی کۆنفرانسی دژە کۆلۆنیالیزمی نوێ، کە بە ناونیشانی «بۆ ئازادیی نەتەوەکان» بەڕێوە دەچێت، وتی: ژمارەی ئەو وڵاتانەی داوای دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەر و دیموکراتیکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، لەسەر بنەمای فرەجەمسەری و یەکسانیی ڕاستەقینە، بەردەوام لە زیادبووندایە.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک لە وڵاتە کۆلۆنیالیستە کۆنەکان، دوای ئەوەی ناچار بوون دەستبەرداری داگیرکاریی ڕاستەوخۆی گەلان لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین ببن، هێشتا هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی ئابووریی ئەو وڵاتانە بپارێزن و لە کاروباری ناوخۆییاندا دەستێوەردان بکەن.
سەرۆکی ڕووسیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە توندی هەر شێوەیەک لە شێوەکانی کۆلۆنیالیزمی نوێ، لەوانە بەکارهێنانی هێز و سەپاندنی سزای ئابووری، ڕەت دەکاتەوە و پشتیوانی لە هەوڵەکانی وڵاتانی زۆرینەی جیهان دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەری و سەربەخۆیی خۆیان.
کۆنفرانسی «بۆ ئازادیی نەتەوەکان» لە شوباتی ٢٠٢٤ بە پێشنیاری پارتی «ڕووسیای یەکگرتوو» دەستی پێکردووە و ئامانجی هاوئاهەنگکردنی هەوڵە سیاسییەکانی وڵاتانی باشووری جیهان و ڕۆژهەڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی و دەستێوەردانی دەرەکی و دامەزراندنی سیستەمێکی جیهانی فرەجەمسەری.