دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

سێیەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەرێم نیوز

لە کاتێکدا ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن و گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانیش هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینیوە، سێیەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «نیویۆرک تایمز»، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ناسراو بە «تێئۆدۆر ڕۆزڤێلت» (Theodore Roosevelt)، چووەتە پاڵ کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

لە هەمان کاتدا، ماڵپەڕی «ئاکسیۆس» (Axios) لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە گەیشتووەتە ناوچەکە، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هێشتا ئەم هەواڵەی بە فەرمی پشتڕاست نەکردووەتەوە. تاوەکو ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە کە ئایا هاتنی ئەم سێیەمین کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە بۆ بەهێزکردنی زیاتری پێگەی سەربازیی ئەمریکایە لە ناوچەکە، یان تەنها پرۆسەی جێگۆڕکێیە بۆ یەکێک لەو فڕۆکەهەڵگرانەی کە پێشتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە بوون.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ئەگەر ئەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، ئەوا بوونی سەربازی و هێزی دەریاییی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە نیسانی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا. ئەم جووڵە سەربازییە گەورەیە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ئاماژەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ نەویستنی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە، کەچی کێشەکان و ناکۆکییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ئێران هەر بەردەوامییان هەیە.

سەرچاوە: نیویۆرک تایمز – ئاکسیۆس



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP