هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ستایشی ئەو هەنگاو و ڕێوشوێنانەی کرد کە حکوومەتی میسر لە دژی ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین گرتوویەتییە بەر و ڕێکارەکانی قاهیرەی بە "کارێکی نایاب" وەسف کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی 11ـی 2026، بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "سکای نیوزی عەرەبی"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە باخچەی کۆشکی سپی و لە میانی لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان پێش بەڕێکەوتنی بەرەو شاری مانیلای پایتەختی فلیپین، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ڕێکارەکانی میسر خستە ڕوو.
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەنگاوەکانی قاهیرە بەرامبەر بە ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین، ستایشی دەسەڵاتدارانی میسری کرد و ڕایگەیاند کە ئەو کارەی حکوومەتی میسر ئەنجامی داوە "کارێکی نایابە".
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتدارانی میسر بڕیارێکی نوێیان دەرکرد بۆ خستنەنێو لیستی تیرۆری ٣٥ دامەزراوە و قەوارەی جیاواز، کە ئەنجوومەنی موسڵمانانی ئەورووپا و چەندین کۆمەڵە و دامەزراوەی ئیسلامیی دیکەی کیشوەری ئەورووپای تێدایە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ خستنەنێو لیستی تیرۆری ٣٦ کەسایەتیی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندیکردن و پشتیوانیکردنی ئەو ڕێکخراوە.