دواین هەواڵ

جیهان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران کردنەوەی وێستگەیەکی نوێی ئەتۆمی ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ئاشکرای کرد کە زانایانی وڵاتەکەی سەرکەوتوو بوون لە پەرەپێدانی یەکەم کورەی ناوخۆیی تایبەت بە "یەکگرتنی ناوکی" (Nuclear Fusion) و جەختی کردەوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەخرێتە بواری کارپێکردنەوە.

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری ئیسلامییەوە بڵاویکردەوە: "یەکەم دامەزراوەی یەکگرتنی ناوکی لە ئێران کە بۆ بەکارهێنان لە چەندین کەرتی بەرهەمهێنان، بەتایبەتی بەرهەمهێنانی کارەبا و بواری پزیشکی دیزاین کراوە، بەم زووانە دەکەوێتە کار."

سەرەڕای ئەم ڕاگەیاندنە، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە جۆری دامەزراوەکە، تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان، توانای بەرهەمهێنان و کاتی دیاریکراوی دەستپێکردنی کارەکانی ئاشکرا نەکرد.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تاراندایە بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ناوکی بە پشتبەستن بە توانا ناوخۆییەکان.

ئیسلامی پێشتر و لە ٩ی ئەم مانگەدا لە پێشانگای دەستکەوتە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان لە باشووری تاران، ئاماژەی بەوە کردبوو کە کار دەکەن بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ناوکی لە بوارەکانی باشترکردنی کوالێتی ئاو و خاک، زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان.

تەکنەلۆژیای یەکگرتنی ناوکی پشت بە یەکگرتنی ناوکە ئەتۆمییە سووکەکان دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی وزە، کە جیاوازە لە تەکنەلۆژیای "دابەشبوونی ناوکی" کە لە وێستگە تەقلیدییەکانی کارەبادا بەکاردێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP