دواین هەواڵ

جیهان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا؛ ئێران ڕۆژانە هەڕەشە لە ترەمپ و خێزانەکەی دەکات

هەرێم نیوز

لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەکان لە ئەمریکا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە کابینەی دۆناڵد ترەمپ، شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە و گواستراونەتەوە بۆ ناو بنکە سەربازییە پارێزراوەکانی نزیک واشنتن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی «فۆکس نیوز»، ئەم هەنگاوانە بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەکان لە هەڕەشە پەیوەستەکان بە ئێران، هەروەها ترس لە توندوتیژیی سیاسی لە ناوخۆی ئەمریکا هاتوونەتە ئاراوە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری دارایی ئەمریکا، دوایین بەرپرسی باڵایە کە بڕیاری گواستنەوەی بۆ ناو دامەزراوەیەکی سەربازی داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە بە «فۆکس نیوز»ی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی وێنەیەک لە ماڵی بێسێنت لە گەڕەکی جۆرجتاون بڵاوکرایەوە و شوێنی ماڵەکەی دیاری کرا، نیگەرانییە ئەمنییەکان زیاد بوون و ئەو ناچار بوو بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆی بگوازرێتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی.

پێش ئەوەش مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، و پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری، لە بنکەی سەربازیی «فۆرت مەکنێر» لە واشنتن نیشتەجێ بوون.

هەروەها ستێڤن میلەر، سەرۆکی ستافی سپی ماڵ، و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئەمریکا گواستراونەتەوە بۆ بنکە سەربازییەکان یان شوێنی نیشتەجێبوونی حکومیی پارێزراو.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، تۆد بلانش، وەزیری داد، لە مانگی ئاداری ڕابردوودا گواستراوەتەوە بۆ نیشتەجێبوون لە بنکەیەکی سەربازی.

لە هەمان کاتدا، مارکۆین مولین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، ئاشکرای کردووە کە هەڕەشەکانی ئێران بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ و خێزانەکەی بەردەوامن و ڕۆژانە هەڕەشەی نوێیان پێ دەگات.

مولین لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ «فۆکس نیوز» وتوویەتی: «ئێران ڕۆژانە هەڕەشەمان لێ دەکات، ترەمپ و ئەندامانی خێزانەکەی یەکەم ئامانجی ئێرانن»، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەمریکا ئامادەن ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشانه ببنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP