هەرێم نیوز
یەکشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ تۆڕی هەواڵیی "فۆکس نیوز" ئاشکرای کرد کە واشنتن ڕژێمی ئێرانی بە تەواوی دابڕیوە و گەمارۆی خستووەتە سەری، بە جۆرێک بەرپرسانی ئەو وڵاتە ناتوانن گەشت بۆ دەرەوە بکەن.
بێسێنت لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کەرەنتینەی ئاسمانییان بەسەر ئێراندا سەپاندووە و گوتی: "پەیامی من ئەوە بووە ئەگەر بەرپرسانی ڕژێمی ئێران وڵاتەکەیان خۆش دەوێت، ئەوە زۆر باشە، چونکە ئەوان ئێستا لەوێ قفڵ بوون و گیریان خواردووە؛ ناتوانن بفڕن بۆ لەندەن بۆ بینینی خێزانەکانیان، یان بۆ پاریس بۆ بینینی هاوڕێ کچەکانیان، و نە دەتوانن بچن بۆ جنێڤ بۆ سەردانیکردنی پارە و سامانەکانیان."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم فشار و دابڕاندنە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵی لەسەریان داناوە و هەستی پێدەکرێت؛ ڕوونیشی کردەوە کە ئاسەواری ئەو فشارانە لە لێدوانە گشتییەکانی سیاسەتمەدارانی ئێراندا لە هاوینی ڕابردووەوە دەرکەوتووە و لە ئێستاشدا بە ڕوونی دەبینرێت کە تەنانەت سوپای پاسدارانیش تووشی نیگەرانی و شڵەژان بووە.