دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

لە نێوان پەرەپێدانی مووشەکی کیشوەربڕ و مەرجەکانی ترەمپدا؛ تاران و واشنتن لە لێواری هاوکێشەیەکی نوێدان

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، لە نێوان هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێراندا، هەڵوێستێکی دوودڵانەی هەیە؛ لە بەرامبەردا، ڕۆژنامەوانیی نزیک لە سوپای پاسداران باس لە هەنگاوی نوێی تاران بۆ فراوانکردنی مەودای مووشەکەکانی دەکات، بە شێوەیەک کە بتوانن بگەنە خاکی ئەمریکا.

ئاژانسی «تسنیم»، کە سەر بە سوپای پاسدارانە، ڕێگایەکی دوو قۆناغی بۆ گەیاندنی مەودای مووشەکەکانی ئێران تا خاکی ئەمریکا خستووەتەڕوو. لە قۆناغی یەکەمدا، باس لە زیادکردنی مەودای مووشەکی «خورەمشەهر ٤» بۆ ٣ تا ٤ هەزار کیلۆمەتر دەکات، بەڵام قۆناغی دووەم پەیوەندی بە گەشەپێدانی مووشەکی تێپەڕی هەوایی (ئینتەرکۆنتینێنتاڵ) هەیە، کە پێویستی بە مەودایەکی نزیکەی ١٠ تا ١٣ هەزار کیلۆمەتر دەبێت.

لە هەمان کاتدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری «MQ-1»ی لە ئاسمانی دوورگەی قەشم لە باشووری ئێران خستووەتەخوارەوە.

لە بەرامبەردا، سێ سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکەیان بە ڕۆژنامەی «ڕۆیتەرز» ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بەرپرسانی باڵای ئەمریکی گوتووە، ئەگەری ئەوە هەیە لە هێرشکردنە سەر ئێران خۆی ببوێرێت، ئەگەر تاران یان میلیشیا حوسییە هاوپەیمانەکانی لە یەمەن هیچ هەڕەشە و هەڵسوکەوتێکی نوێیان بەرامبەر ئەمریکا ئەنجام نەدەن.

لە تەرەفی دیکەوە، لە تەلئەبیب، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە داوای پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوویی لەگەڵ ڕکابەرە سیاسییەکەی، گادی ئایزنکۆت، کردووە و ئەمەی بە ڕێگای تاکە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئێراندا وەسف کردووە.
نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیسرائیل دەبێت هەڕەشەی ئێران یەکجارەکی کۆتایی پێبهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP