دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی و فەرەنسا پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکڕیزیی ناوخۆیی هەرێم تاوتوێ دەکەن

هەرێم نیوز
⠀
پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە فەرەنسا کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە کارێکی یاسایی دەزانێت و هاوکات نوێنەری ئەو وڵاتەش جەخت لە پێویستیی یەکگرتوویی هەرێم دەکاتەوە لە سایەی ئەو ئاڵۆزییانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە.
⠀
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی 11ـی 2026، هێمن هەورامی لەگەڵ ئیمانوێل مینیۆ لە هەولێر کۆبووەوە و وتەبێژی کۆبوونەوەکەش وتی لە دیدارەکەدا تیشک خراوەتە سەر دۆخی پەرلەمان و جەخت لەوە کراوەتەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردن بەپێی هەموو ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامدراوە و هەڵوێستی پارتیش خراوەتەڕوو کە بەتەواوی پابەندن بە پەیامەکەی بارزانی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی.
⠀
لەلایەن خۆیەوە ئیمانوێل مینیۆ وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوولا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان نیشاندا و ڕوونیکردەوە کە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوو لە بەرژەوەندیی فەرەنسادایە و بەردەوامیش پشتیوانیی قەوارەی دەستووریی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا دەکەن.
⠀
ئەم پشتیوانییەی فەرەنسا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و جەختکردنەوە لە دیالۆگ لە کاتێکدایە کە هەر بەهۆی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە بافڵ تاڵەبانی بڕیاری کشانەوەی تیمی یەکێتی لە حکومەت دا کە ئەمڕۆ بەشێکیان گەڕانەوە سەر کارەکانیان و هاوکات تۆم باراک، نێردەی ئەمریکاش هۆشداریی توندی بە سەرکردایەتیی کورد داوە بۆ یەکڕیزیی ناوخۆیی و پاراستنی وەبەرهێنانەکانی کەرتی وزە بەتایبەتی دوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر لە سۆنگەی ئەو ململانێیانەی کە بەغداد هەوڵی ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنیان دەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP