هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری لە سنووری شارەدێی سیتەک بە تۆمەتی بڕینی داری سروشتی ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی کە ئەمڕۆ یەکشەممە (١٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، مەفرەزەکانیان توانیویانە دوو هاووڵاتی لە سنووری سیتەک دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی بڕینەوەی داری سروشتی بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیکاپ، بڕێک داری بڕدراو، دوو مشار و سێ تەورداسدا گیراوە.
هاوکات، هەردوو دەستگیرکراوەکە و کەرەستە دەستبەسەرداگیراوەکان ڕادەستی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیتەک کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە کراوەتەوە بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.