هەرێم نیوز
⠀
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە پرۆسەی بارکردن و دابەشکردنی نەوتی سپی لە بەغدادەوە بۆ هەولێر و دهۆک دەستپێدەکات و تێچووی هەر ١٠٠ لیترێکیش بە ٣١ هەزار دینار دیاریکراوە بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەی نووسراوەکانەوە پرۆسەکە لە پارێزگای سلێمانی ڕاگیراوە.
⠀
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی 11ـی 2026، فەلاح مەولوود وەک وتەبێژ بە ناوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە مامەڵەی هەردوو کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت لە بەغداد گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و وتی بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ ئێوارە کارەکانیان لە وێستگەی سمود تەواو دەبێت و دەست بە بارکردنی نەوتەکە دەکرێت کە درەنگانی شەو دەگاتە کۆگاکانی سووتەمەنی و سبەی بە تانکەری بچووکتر ڕەوانەی ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت.
⠀
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی ١٠٠ لیتر نەوت تەنیا ٣١ هەزار دینار دەبێت کە هیچ قازانجێکی تێدا نییە و تەنیا تێچووی کڕین و گواستنەوەیەتی کە لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا دابەش دەکرێت و باسی لەوەش کرد کە عەلی زەیدی بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەرێمی داوە بۆ دابینکردنی کۆی ئەو ٢٦٩ ملیۆن لیتر نەوتەی کە داواکراوە.
⠀
سەبارەت بە پشکی پارێزگای سلێمانیش ڕوونیکردەوە کە لەم قۆناغەدا هیچ بڕە نەوتێک بۆ ئەو پارێزگایە ناچێت چونکە دوو جار نووسراویان ئاراستە کراوە و وەڵامیان نەداوەتەوە کە ئەمەش لە کاتێکدایە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر وەستاوە و هاوکات تۆم باراک، نێردەی ئەمریکاش هۆشداریی توندی بە سەرکردایەتیی کورد داوە بۆ یەکڕیزیی ناوخۆیی و پاراستنی وەبەرهێنانەکانی کەرتی وزە لەو مەترسییانە.