هەرێم نیوز
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێی بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی بە ئامانجی ڕاگرتنی کاروباری پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە.
ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی فەرمانی وەلائی
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، میدیای فەرمیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێی بۆ دەركردنی فەرمانی وەلائی بە مەبەستی ڕاگرتنی کاروبار و دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە.
پاشخانی سکاڵاکە
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە کاتێکدایە کە لە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، هەردوو لایەنی یەکێتی و نەوەی نوێ سکاڵایەکی فەرمییان لە دادگای فیدراڵی دژی ئەو دانیشتنە تۆمار کردبوو کە لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوو و لە ڕێکەوتی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام درابوو.
هەردوو لایەن لە سکاڵاکەیاندا داوایان لە دادگا کردبوو دانیشتنەکە و سەرجەم بڕیارەکانی هەڵوەشێنێتەوە، بەو پێیەی دان بەو هەنگاوانەدا نانێن کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی تری بەشدارەوە لە پەرلەمان ئەنجام درابوون، بەڵام دادگا داواکارییەکەیان بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی و ڕاگرتنی کارەکان ڕەتکردەوە.