هەرێم نیوز
محسین ڕەزایی، ئەندامی باڵای دەستەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕایگەیاند کە هێزی مووشەکی سوپای پاسداران ئامادەیە لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتوودا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، «سەرسوڕهێنەری نوێ» لە مەیدانی شەڕدا بخوڵقێنێت.
ڕەزایی گوتی یەکە مووشەکییەکانی پاسداران فەرمانەکانی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران، کردووەتە پێشینەی کاری خۆیان و ئاستی ئامادەباشییان بەرزکردووەتەوە، بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و کاریگەر بە هەر هەڕەشەیەک، بەبێ سنوورداربوون بە جوگرافیایەکی دیاریکراو.
لە هەمان کاتدا، کەیومەرس حەیدەری، جێگری سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، هۆشداری دا کە هەموو بنکە و بەرژەوەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هەر وڵاتێکدا بن، دەتوانن ببنە ئامانجی مووشەک و درۆنی ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، محەممەد موخبیر، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە فەرمانی نەبەستنی وەڵامدانەوە بە سنوورە جوگرافییەکان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ واتای لابردنی سنووری مەودای مووشەکەکانی ئێرانیش دەگەیەنێت.
موخبیر هەروەها پێشبینی کرد شەڕ جارێکی دیکە دەست پێ بکات و بانگەشەی کرد کە درێژەکێشانی ملمالنێکە دەرفەتی سەرکەوتنی زیاتر بۆ تاران دەڕەخسێنێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، حوسێن تایب، سەرۆکی هێزی بەسیج، هۆشداری دا کە هەر هێرشێکی نوێ بەرەنگارییەکی توندتر لە شەڕی چل ڕۆژەکەی لێ دەکەوێتەوە و دووپاتی کردەوە کە تاران پێش دەستپێکردنەوەی هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ واشنتن، پابەندە بە مەرجە حەوتەکەی خۆی.
لە بواری ئەتۆمیشدا، ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری ئێران داوای لێکۆڵینەوەی لە کشانەوەی ئێران لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی کردووە؛ لە کاتێکدا بەرپرسانی ئێرانی باس لە پێداچوونەوە بە دۆکتڕینی بەرگریی و ئاستی پابەندبوونی ناوکیی وڵاتەکە دەکەن.
لە بەرامبەردا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بەردەوامن و هەواڵی گەیشتنی شاندێکی قەتەری بۆ تاران بڵاوکراوەتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیشانەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەنێوان واشنتن و تاران بەرەو کزی دەچن.